تەرمی دەربازی 14 ساڵان دوای 23 رۆژ دۆزرایەوە

K24 – هەولێر:
دوای ونبوونی مێردمنداڵێکی دانیشتوونی گوندی نۆرێ لە بناری چیای ماکۆک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ماوەی 23 رۆژ، لە ناوچەی گەروە بزن لە دامێنی چیای ماکۆک دۆزرایەوە.
رۆژی شەممە (29ـی نیسانی 2023)، رائید عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین و کەسوکاری دەرباز رزگاری تەمەن 14 ساڵان، ھەواڵەکەیان بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە ئەمڕۆ لە تەرمەکەیان لە دامێنی چیای ماکۆک دۆزیوەتەوە.
کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە ئاماژەیان بەوەکردووە، ماوەی دوو رۆژ بوو پرۆسەی گەڕانیان بۆ دۆزینەوە دەرباز رزگار دەستیپێکردبووەوە.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە دەرباز رزگاری تەمەن 14 ساڵان کە پیشەی شوانکاری بووە لە گوندی نۆرێی بناری چیای ماکۆک لەماڵ دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە، دوای چەند رۆژێك لە گەڕان بەدوایدا لەلایەن خەڵکی گوندەکانی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگری شارستانی، هیچ سۆراغێکی نادۆزنەوە.
لەلایەن خۆیەوە، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی تەرمەکە کە شوێنەواری برینیشی پێوەیە، لە پزیشکی دادی رانییە نەتواندراوە هۆکاری مردنەکەی بزانن بۆیە، تەرمەکەیان رەوانی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە بۆ زانینی هۆکاری مردنەکە و نووسینی راپۆرتی پزیشکی لەوبارەیەوە.