کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی رێگاکانی ناوچەی سەوز بەرووی هاووڵاتییان زیاددەکرێت

K24 – هەولێر:
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێنمایی تایبەت بۆ درێژکردنەوەی کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی رێگاکانی ناوچەی سەوزی بۆ هاووڵاتییان دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەوڵدەدات رێککارە ئەمنییەکان ئاسان بکات، لەوانەش کەمکردنەوەی بارگرانی بەسەر هاووڵاتیان و جووڵەی شەقام و هاتووچۆکردن بە ئاسانی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو، سوودانی رێنمایی داوە، رێگە بدرێت بە هاووڵاتیان رێگاکانی ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەخت بەکاربهێنن، هەروەها کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی رێگاکە بە ئامانجی ئاسانکاری هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان، درێژبکرێتەوە.