بەربژێرێکی هەڵبژاردنەکانی تایلەند دوو هەفتە پێش هەڵبژاردن منداڵەکەی لەدایکبوو

K24 - هەولێر:

پایتۆنگتارن شیناواترا، بەربژێرێكی هەڵبژاردنەکانی تایلەند ، دوو هەفتە پێش ئەوەی دەنگدەرانی وڵاتەکەی بچنە سەر سندووقی دەنگدان، منداڵێکی لەدایکبوو.

پایتۆنگتارن شیناواترا تەمەنی 36 ساڵە و بچووکترین کچی تاکسین شیناواترا، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تایلەند ە و ئەمڕۆ وێنەی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی بڵاوکردەوە.

ئەو بەربژێرەی هەڵبژاردنەکانی تایلەند رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا قسە بۆ میدیاکان دەکات. ئەو ماوەیەک لەمەو پێش گەشتەکانی وەستاند و بە پەیوەندی ڤیدیۆیی بەشداری لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردندا دەکرد.

رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، بەپێی راپرسییەکانی ئەم دواییە، پایتۆنگتارن لە پلەی یەکەم یان دووەمدایە لە هەڵبژاردنی دەنگدەران بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی تایلەند ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خانەوادەکەی لەلای زۆرینەی گوندنشینانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ناوبانگێکی زۆر باشیان هەیە.