فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان بۆ کوردستان24: هێزەکانی پشتیوانی خێرا یاخیبوونە

فەتح رەحمان محیەددین، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان
فەتح رەحمان محیەددین، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان

K24 – هەولێر:

 فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، رایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا یاخیبوونە و لە یاسا دەرچوونە، دەشڵێت: " پێویستبوو هێزی پشتیوانی خێرا هێزی پاڵپشت بێت بۆ سوپای سوودان، بەڵام ئەم هێزانە دۆخەکەیان قۆستۆتەوە و ویستوویانە ببنە هێزێکی دیکە لە سوودان و سوپایەکی دیکە دروست بکەن".

 ئەمڕۆ سێشەممە (1ــی ئایار/ ئێپرێلی 2023)، فەتح رەحمان محیەددین، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، لەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەوەی ئێستا رودەدات هێزەکانی پاڵپشتی خێرا دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە و کۆنتڕۆلی سوپای سودان بکەن لە بری ئەوەی ببەن پاڵپشتی سوپای سوودان و دەشڵێت: "پێویستبوو هێزی پشتیوانی خێرا هێزی پاڵپشت بێت بۆ سوپای سوودان، بەڵام ئەم هێزانە ویستویانە سوپایەکی دیکە دروستبکەن".

فەتح رەحمان محیەددین ، راشیگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا یاخیبوونە و لە یاسا دەرچوونە و  بوونەتە سوپایەکی هاوتەریب لەگەل سووپای سودان ئەمە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکانە.

هەروەها فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، جەختی لەوە کردەوە، سوپای سودان سەرچاوەی ئاسیشی وڵاتەکەیە و ئەگەر هاتوو سوپای سوودان نەما، ئەو کات سوودان وەکو وڵات هەڵدەوەشێتەوە.

لەبارەی کاردانەوەی سوپای سوودان بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، فەتح رەحمان محیەددین، گوتی: " سوپای سوودان رووبەرووی ئەو توندڕەو و  یاخیبوانە بووەتەوە، چونکە هیچ چارەیەکی نەبوو، پێویستبوو سوپای سوودان پارێزگاری لە وڵات و ئاسایشی نیشتمانی بکات".

هەروەها گوتیشی: " لە سوودان گەل پاڵپشتی یاخیبوان ناکات، هەروەها هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دەوڵەت و سوپای سوودان یاخی بوونە و هیچ دەرفەتێکیان نییە بۆ مانەوە و هاووڵاتیانیش پشتیوانیان ناکەن چونکە داگیرکەرن".

سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی لە سوودان، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، رایگەیاند: "چەند وڵاتێک دەستوەردانی لە دۆخی ئاسایشی سوودان کردوە، ئەوان پاڵپشتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەن و چەکیان پێدەدەن، چونکە چاویان لە داهات و ژێرخانی سوودانە کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە".

فەتح رەحمان محیەددین ئاشکراشیکرد، لە 18 ویلایەتدا لە سوودان 17 ویلایەتی  لەلایەن سوپاوە کۆنترۆڵ کراوە، "تەنیا ویلایەتی خەرتووم ماوە کە پایتەختە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە."

لە کاتێکدا، بۆسێیەم جار سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستیان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر درێژکردەوە، بەڵام شەڕیی میدیاییان بەردەوامە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری لەداڕمانی دۆخی مرۆی سودان دەدات.

لە راگەیەندراوێکدا سوپای سووودان بڵاویکردەوە، رەزامەندییان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژبکەنەوە، ئەوەش بەنێوەندگیری سعودیە و ئەمریکا، بەڵام هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی پێویستە هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان رادەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن.

هێزەکانی پشتیوانی خێراش بەفەرماندەیی محەمەد حەمدان دەقلو بڵاویکردەوە، سەرباری رەزامەندییان لەسەر ئاگربەست، رێگەی بە هاوڵاتییانی سوودان دەدەن بگەنە ناوچە ئارامەکان.

لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمی پریشکی شەڕی ناوخۆی سوودان لەنێوان سوپای سودان بەسەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەرکردایەتی محەممەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی، ئەو وڵاتانەی هاوڵاتیانیان لەسودان دەژیان خێرا کەوتنە خۆیان وهەوڵەکانیان بۆ دەربازکردنی هاوڵاتیی و دیبلۆماتکارەکان لەسودان خستەگەڕ. لەماوەی دوو هەفتەی جەنگدا وڵاتانی جیهانی هەزاران هاوڵاتییان لەرێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە لەسودان بردووەتە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا، دۆخی سوودانی بەمەترسیدار وەسفکرد و هۆشداری ئەوەشیدا، لەئەگەری بەردەوامی پێکدادانەکانی سوودان کارەساتی مرۆی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا روودەدات. جان دورایک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکان دۆخی مرۆی سوودان نزیکبوونەوە لە لێواری داڕمان وەسفکرد و ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر راسپاردەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرز، مارتن گرێڤس بەرپرسی کاروباری مرۆی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ناوچەکە دەکات.

ئاوارەبوونی خەڵکی سوودانیش بۆ وڵاتانی دراوسێ ژمارەیەکی پێوانەی تۆمارکرد، لەو بارەیەوە کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران ئاشکرایکرد، شەش هەزار سوودانی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئاوارەی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست بوون.

Fly Erbil Advertisment