گۆڕان و یەکێتی جەخت ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە
K24 – هەولێر:
بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، پێویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (1ـی ئایاری 2023)، هەردوو حزب لە دەباشان کۆبوونەتەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشیان، پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کردووە، لەسەر بنەمای چۆنیەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان.
هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاندووە، کە باسیان لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گفتوگۆکان کردووە، هەردوولاش جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە؛ پێویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازانی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (29ـی نیسانی 2023) سەرۆك بارزانی، لەمیانی پێشوازیکردنی لە لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی ئەمەریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر كرد و دووپاتیكردەوە كە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش رایگەیاند، كە پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبن.
هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.