سەربازانی ئیستۆنیا شوێنی سەربازانی هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەگرنەوە

لۆگۆی تیمە سەربازییەکەی هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
لۆگۆی تیمە سەربازییەکەی هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 - هەولێر:

هۆڵەندا سەربازانی خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکشێنێتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵە لە ئەرکدان و سەربازانی ئیستۆنیا جێگەیان دەگرنەوە.

وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا رایگەیاند، سه‌ربازه‌كانیان بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان جێگیرکرابوون لەم هەفتەیەدا ئەرکەکەیان کۆتایی پێدێت و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا ئەوەشی ئاشکراکردووە، ژمارەی سەربازەکانی 125 سەربازە و لە کانوونی دووەمی 2021 بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگیرکرابوون، دوای گەڕانەوەشیان ئیستۆنیا جێگەیان دەگرێتەوە.

هەروەها باسی لەوەشکردووە، تیمێکی راوێژکاریی هۆڵەندی لە هەولێر دەمێننەوە، کە یەکێك لە ئەندامانی تیمەکە راوێژکاری پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە.

هاوکات وه‌زاره‌تی به‌رگری هۆڵه‌ندا ئاماژه‌ی پێكردووه‌، یەکە سەربازییەکەی هۆڵەندا لەگەڵ هاوپەیمانە کورد و ئەمریکییەکان فڕۆکەخانەکەیان دەپاراست، هەروەها ئەرکی پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانانیشی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەخۆ گرتبوو.

پێشتریش لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، کایزا ئۆلۆنگرێن وەزیری بەرگری هۆڵەندا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی گرنگی سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدات و جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ولاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

Fly Erbil Advertisment