دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا بۆ جاری یەکەم سەرۆک کۆمارێکی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکات
K24 - هەولێر:
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد، بە یاوەریی شاندێکی ئابووری و سیاسی گەشتێکی دوو رۆژە بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
ناسر کەنعانی, گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەم زووانە سەردانی سووریا دەکات.
کەنعانی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە تارانی پایتەختی ئێران سەبارەت بەو هەواڵەی کە گوایە تاران لە تۆڵەی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانی لە لایەن ئەمەریکاوە دەستی بەسەر نەوتی ئەمریکادا گرتووە، گوتی: "لە هەر شوێنێک بەرژوەندی نەتەوەیی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".گوتەبێژەکەی ئێران هەروەها بەبێ ئەوەی زانیاریی لەبارەی وادەی سەردانەکە بدات رایگەیاند، "ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەم زووانە دەچێتە سووریا."
بە ئاماژەدان بەوەی، سووریا چووەتە قۆناغی دووبارە بنیاتنانەوە، کەنعانی دووپاتیکردەوەکە "ئێران ئامادەیە بە توانای تەکنیکی و ئابووریی خۆی لەم پرۆسەیەدا لە پاڵ حکومەت و گەلی سووریادا بوەستێت".
سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد، بە یاوەریی شاندێکی ئابووری و سیاسی گەشتێکی دوو رۆژە بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
ئەم سەردانە، دوای شەڕی ناوخۆ لە سووریا کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، دەبێتە یەکەم سەردان(ی سەرکۆمارێکی ئێران) کە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی ئەنجام دەدرێت.
دوایین سەردانی ئێران بۆ سووریا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2010 بوو.