سەرۆککۆماری عێراق و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێگاکانی ھاریکارییە هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد

K24 - هەولێر:
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گرنگی پتەوترکردنی رێگاکانی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن-یان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی کردووە لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆککۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لە گرنگی رێگاکانی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن.
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق، بەرنامەیەکی باش و گشتگیری بۆ چەسپاندنی ئاسایش، پێشکەشکردنی خزمەتگوازری بە ھاووڵاتییان و بنبڕکردنی گەندەڵی داناوە.
لای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەمەریکا دەیەوێت ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراقدا پتەوتر بکات.
دوێنێ دووشەممە 1ـی نیسانی 2023، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە و جەختیان کردەوە لە گرنگی پتەوترکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەکانی فێرکردن، پیشەسازیی و بازرگانییدا.