ئۆکرانیا داوای فڕۆکەی ئێف 16 لە هاوپەیمانان دەکات

K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، "زوو بێت یان درەنگ هاوپەیمانان بڕیاری دابین کردنی فڕۆکەی "F-16" بۆ ئۆکرانیا دەدەن، وەکو ئەوەی لە رابردوودا روویدا و چەکیان بۆ ئێمە نارد."
دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بە کەناڵی 1+1 ی ئۆکرانی راگەیاند، بڕیاری دابینکردنی فڕۆکەی "F-16" پەیوەندی بە کاتەوە نییە، چونکە بەهۆی دوودڵی هاوپەیمانانەوە ئۆکرانیا باجی بە ژیانی خەڵک دەدات.
گوتیشی: ئێمە فڕۆکەی "F16" مان هەیە، ئێمە بڕوامان وایە بڕیارەکە پشت دەبەستێت بە ئەمەریکا و ئەو هێرشەی کە بریارە بەم نزیکانە لەلایەن کیێفەوە ئەنجام بدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر لە ئێستادا فڕۆکەی ئێف-16مان هەبێت، ئەوا هێرشەکەمان زۆر خێراتر دەبوون و دەمانتوانی ژیانی زۆرێک لە سەربازەکانمان و هاوڵاتیانی مەدەنی رزگار بکەین کە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە دەناڵێنن."
جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم فڕۆکانە یەکێکن لە سێ کارە لە پێشینەکان بۆ پشتیوانی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، لەگەڵ تەقەمەنی تۆپخانە و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش."
ئەمە لە کاتێکدایە کیێڤ چەندین جار داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کردووە فڕۆکەی جەنگی بۆ دابین بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا کە ژێرخانی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج و هێرشی دژ بە شوێنەکانی سوپای رووسیا ئەنجام بدەن.