وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی وکوردستان و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئایاری 2023)، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و وابڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

وابڕیارە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لەمیانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و سەرباز و راوێژکارانی سوپای وڵاتەکەی بەسەر بکاتەوە.

ئیتاڵیا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ژمارەیەک لە راوێژکارە سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق مەشق بە پێشمەرگە و سەربازانی عێراق دەدەنەوە.

لەبارەی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئیتاڵیا و عێراق و هەرێمی کوردستان، قەبارەی هەناردەکردن ئەو وڵاتە ساڵانە دەگاتە 766 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها ژمارەیەکی کۆمپانیای ئیتاڵیش لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان دەکەن و هەندێک کۆمپانیای دیکەش لە چاوەڕوانی چارەسەرکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدان بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان.

لە کاتێکدا قەبارەی هەناردکردنی عێراق بۆ ئیتاڵیا لە ساڵی 2022 نزیکەی پێنج ملیار یۆرۆ بووە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بواری نەوتی خاوە.

ئیتاڵیا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی کونسڵخانە بۆ کونسوڵخانەی گشتی بەرزکردووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە لە داهاتوودا خوازیاری زیاتر فراوانترکردنی پەیوەندییەکان و نوێنەرایەتییەکانییەتی لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات رۆژی (23ـی کانوونی یەکەمی 2022)، جۆرجا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.