ده‌وڵه‌تی یاسا: وه‌زیره‌كانی كورد ناگۆڕدرێن

K24 - هەولێر

هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی بڕیاره‌ به‌منزیكانه له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیره‌كان‌ لە حکومەتی عێراق ئه‌نجامبدرێن هیچ وه‌زیرێكی كوردی تێدا نییه‌.

عادل مانع، له‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند‌، گۆڕانکاری وەزاری تەنها پەیوەندی بە چوارچێوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو دەسەڵاتەکانی ئیدارەی دەوڵەتەوە هەیە.

مانع ده‌شڵێت "سوودانی لە کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەتدا باسی لە گۆڕانکارییە وەزارییەکان نەکردووە، به‌ڵام له‌ رۆژانی داهاتوودا رووخسارێکی نوێ ئاشکرا دەکات، کە لە رابردوودا نه‌بینراون. هه‌روه‌ها وه‌زیره‌كانی سووننه‌ و شیعه‌ ده‌گۆڕێت، بەڵام هیچ وه‌زیرێكی كورد له‌ناو لیستی گۆڕانكارییه‌كاندا نین".

ئەوە لە کاتێکدایە ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە محەمەد شیاع سوودانی گۆڕانکاری لە پۆستی وەزارەتەکان دەکات.

پێشتر چەند سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە سوودانی بەنیازە بەمنزیکانە گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتدا ئەنجامبدات، کە ژمارەیەک وەزیر لە ناو گۆڕانکارییەکاندان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی عێراق، سوودانی راسپاردەکانی کۆنووسی چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی پەسەند کرد، کە لە پۆستەکانیاندان.

Fly Erbil Advertisment