لاهور شێخ جەنگی: هەڵبژاردن تەنیا چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە
لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی، لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی گشتی ئیسلامی کۆبووەو رایدەگەیەنێت: هەڵبژاردن تەنیا چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو دیدارەدا سەڵاحەدین بەهائەدین جەختی لە چاككردنەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێم و چارەسەری ئاشتیانە و یاسایی كێشەكان کردووەتەوە، هەروەها رایگەیاندووە "یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە كاتی خۆیداو بە سازكردن و ئامادەكردنی زەمینەی سەرخستنی پرۆسەكە".
لاهور شێخ جەنگی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "جەختمانکردەوە لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەکان و رۆڵی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان کە بووەتە مایەی نیگەرانیی خەڵکی کوردستان، رامانگەیاند کە هەڵبژاردن تەنیا چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا".
هەر ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی کرد و لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوخۆیی و هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لە 22/2/2023، لاهور شێخ جەنگی، رایگەیاندبوو "دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگا به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مافه یاسایی و حزبییه‌كانم، كه به شه‌رعییه‌تی كۆنگره و به‌ده‌نگی ئێوه به‌ده‌ستم هێنا، ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه، له‌مڕۆ به‌دواوه، له چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، ده‌سه‌ڵاته‌كانم وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی به‌كارده‌هێنم و هه‌ر بڕیار و به‌رنامه‌یه‌ك به‌مافی خۆمی ده‌زانم ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات".
لە 8ی تەمووزی 2021، بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی لە حزبەکەیان دوورخرانەوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگا ئەو مافە بۆ لاهور جەنگی گەڕێندرایەوە.