لە بەغدا دەست بەسەر زیاتر لە 12 ملیۆن حەبی هۆشبەردا گیرا

ژماریەک لەو حەبە هۆشبەرانەی  دەستیان بەسەردا گیراوە
ژماریەک لەو حەبە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

K24 - هەولێر:

هێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستیان بەسەر زیاتر لە 12 ملیۆن حەبی هۆشبەردا گرت.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانییدا کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "بە رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راوەدوونان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دوای زنجیرەیەک لێدانی کاریگەر کە زۆربەی بازرگانە سەرەکییەکانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران و لە هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوەیان درا، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنێکی جۆریی لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدا ئەنجامدا کە لە میانیدا دەستگیرا بەسەر زیاتر لە 12 ملیۆن حەبی هۆشبەر کە بە نزیکەی دوو تۆن و نیو دەخەمڵێندرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی و هەوڵەکانی هەواڵگری و چاودێریکردنی بەردەوامی مەیدانی بووە کە لە ئەنجامدا یەکێک لە گرنگترین تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لێکهەڵوەشێندرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە رەزامەندی دادوەر و لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجامدراوە و لەمیانیدا شەش کەس لە ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران.

Fly Erbil Advertisment