ئەمەریکا کۆتاییهێنا بە ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە سوودان

هێزەکانی ئەمەریکا ژماریەک هاووڵاتیی خۆیان لە سوودان دەگوازنەوە | وێنە: Smowal Abdalla / AP
هێزەکانی ئەمەریکا ژماریەک هاووڵاتیی خۆیان لە سوودان دەگوازنەوە | وێنە: Smowal Abdalla / AP

K24 - هەولێر:

ڤێدانت پاتێل، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی ئاشکرا کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی وشکانی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە سوودان کۆتایی هاتووە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار کەس گوازراونەتەوە کە هەزار و 300یان هاووڵاتیی ئەمەریکی بوون.

پاتێل لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا رایگەیاند: "وەک وەزارەتی دەرەوە، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی و هاوپەیمانەکانمان، لە دەستپێکی پێکدادانەکانی سوودانەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەسمان لە سوودان دەربازکردووە کە زۆرینەیان هاووڵاتیی ئەمەریکی بوون و ئەوانی دیکەش یان خاوەنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونبوون لە ئەمەریکا یان کەسی نزیکی ئەو کارمەندانەبوون کە لە سوودان کاردەکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە لە دۆخی ئێستادا بەردەوامن لە پێدانی زانیاری بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکی دانیشتووی سوودان و هۆشداریشیان داوەتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان تا گەشت نەکەن بۆ سوودان.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی کە "ئایا ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دەبێت؟" پاتێل رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیادە نییە. بەڵام بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونە ئەمنییەکان".

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمریکا لە سوودانەوە بە سێ کاروانی ئۆتۆمبێل، زیاتر لە دوو هەزار کەسی گواستەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕ مارگارێت هاریس، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی خستەڕوو، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە پێکدادانەکانی سووداندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 551 کەس و چوار هەزار و 926 کەسیش بریندار بوون.

15ی نیسان لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".

Fly Erbil Advertisment