سوپای سوودان نوێنەری خۆی دەنێرێتە سعوودیە

دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP
دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

سوپای سوودان رایگەیاند، نوێنەری خۆی رەوانەی سعوودیە کردووە، بۆئەوەی لەبارەی درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ نوێنەری هێزە نەیارەکەیدا رێکبکەون.

عەبدولفەتاح ئەلبورهان فەرماندەی سوپای سوودان پشتیوانی خۆی بۆ ئاگربەستە حەوت رۆژییەکە دەربڕی کە لەلایەن باشووری سوودانەوە پێشنیاز کراووە، بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەڵێن ئەوان بۆ سێ رۆژی دیکە ئەو ئاگربەستەی بەنێوەندگیری ئەمریکا و سعوودیە راگەیەندرا درێژدەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، فەتح رەحمان محیەددین، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی سوودان، لەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەوەی ئێستا رودەدات هێزەکانی پاڵپشتی خێرا دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە و کۆنتڕۆلی سوپای سوودان بکەن لە بری ئەوەی ببەن پاڵپشتی سوپای سوودان و دەشڵێت: "پێویستبوو هێزی پشتیوانی خێرا هێزی پاڵپشت بێت بۆ سوپای سوودان، بەڵام ئەم هێزانە ویستویانە سوپایەکی دیکە دروستبکەن".

فەتح رەحمان محیەددین ، راشیگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا یاخیبوونە و لە یاسا دەرچوونە و  بوونەتە سوپایەکی هاوتەریب لەگەل سووپای سودان ئەمە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکانە.

رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، "چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە".

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

Fly Erbil Advertisment