لە هەولێر دزی لە ماڵی هاووڵاتییەک دەکرێت؛ "زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلاریان لێ دزیم"

زیاد حەسەن عەلی، خاوەنی ئەو ماڵەی دزی لێکراوە
زیاد حەسەن عەلی، خاوەنی ئەو ماڵەی دزی لێکراوە

K24 - هەولێر:

بەیانی رۆژی هەینی پێنج چەکدار بە جلی سەربازییەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی رۆشنبیرانی شاری هەولێر و زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار لە خاوەنی ماڵەکە دەدزن.

زیاد حەسەن عەلی، خاوەنی ماڵەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرووپێکی پێنج کەسی بە چەک و جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و چەکیان لەسەر سەریی داناوە و بەخەریان هێناوەتەوە و پێی گوتراوە "ماددەی هۆشبەر لە نێو ماڵەکەتدا هەیە و چەند کەسێکی گەڕەکە زانیاریان پێداوین. من پێم گوتن، ماددەی هۆشبەر لە نێو ماڵەکەمدا نییە و دەتوانن هەمووی بپشکنن".

خاوەنی ئەو ماڵە گوتیشی، ئەو گرووپە پێنج کەسییە پێیان گوتووە، ئەگەر بڕی ئەو ئاڵتوون و پارەیە ئاشکرا نەکات کە هەیەتی، خۆیان دەیدۆزنەوە و دەیبەن، "ناچار بووم شوێنی ئاڵتوون و پارەکەم پێیان پیشان بدەم و پێموابوو سەر بە ئاسایشن، بۆیە پێیانم پیشاندا". ئەوەشی خستەڕوو، "نزیکەی دوو دەفتەر دۆلار و شەش ملیۆن دینار و شەش مۆبایلمان لێ دزراوە".

زیاد حەسەن عەلی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو گرووپە چەکی لەسەر سەری خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی داناوە و لە نێو باخچەی دەرەوەی خانووەکەیان بەستراونەتەوە.  روونیشیکردەوە، "خۆم خاوەنی نانەواخانەیەکم لە شاری هەولێر و نازانم کێ زانیاری بەو گرووپە داوە، کە ئەو بڕە پارەیەم هەیە".

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل