یەکێتی ئەوروپا بە گوژمەی یەک ملیار یۆرۆ پشتیوانی چەک پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات

ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Wikimedia Foundation
ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Wikimedia Foundation

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا، لە چوارچێوەی "سندوقی ئاشتی ئەوروپا"دا دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا بە گوژمەی یەک ملیار یۆرۆ، پەسەند کراوە.

یەکێتی ئەورووپا، بەگوژمەی یەک ملیار یۆرۆ دابینکردنی پشتیوانی چەکی بۆ ئۆکراینا پەسەند کرد.

بەمشێوەیەش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەهەماهەنگی، گوللـەتۆپ و موشەک بۆ سوپای ئۆکرانیا دابیندەکەن.

ئەم چەکانە لە رێی ئەو چالاکییە ئابوورییانوە دابیندەکرێن کە لە یەکێتی ئەوروپا و نەرویج ئەنجامدەدرێن، پشتیوانی لەوەش دەکرێت کە ئەو چەکانە هەر لە یەکێتییەکە و نەرویج بەرهەم بهێندرێن.

لە رێی ئەم چەکانەشەوە گوژمەی ئەو هاوکارییانەی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی سندوقی ئاشتی ئەوروپا پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە دەگاتە 5.6 ملیار یۆرۆ.

ئەو بڕیارەی کە لە 30ی ئاداردا پەسەند کرا، لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەم لە 13ـی نیساندا تۆمار کراوە کە یەک ملیار یۆرۆ دابین دەکرێت بۆ ئەو چەکانەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە نۆی شوبات تا 31ی ئادار، عەمباریان کردووە یاخود لەسەر خواست پێشکەشی ئۆکرانیایان کردووە.

لە قۆناغی دووەمی بڕیارەکەشدا کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە سێی ئایاردا پڕۆژەیاسای پشتیوانیکردن لە بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەش کردبوو، لەم چوارچێوەیەشدا 500 ملیۆن یۆرۆ لە بوودجەی یەکێتی ئەوروپا، وەک سەرچاوەی دارایی تەرخان دەکرێت.

قۆناغی سێیەمی بڕیارەکەش بریتییە لەو رێککەوتنەی لە 20ی ئاداردا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پێیگەیشتن و بڕیاریاندا تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی رادەستکردنی یەک ملیۆن گولـلە تۆپ بە ئۆکرانیا خێراتر بکرێت.