برسییەتی هەڕەشە لە ئاژەڵەکانی ناو باخچەکانی سوودان دەکات

وێنەی یەکێک لەباخچەی ئاژەڵانی سوودان
وێنەی یەکێک لەباخچەی ئاژەڵانی سوودان

K24 - هەولێر:

لەکاتێکدا مووشەک و فیشەک بەر جەستەی هاووڵاتییانی سوودان و ماڵەکانیان دەکەون، مەترسییەکی دیکە لەسەر ژیانی ئاژەڵانی نێو باخچەکانی ئەو وڵاتەدا دروستبووە. 

بەڕێوەبەرایەتی پارکی گیانلەبەرە کێوییەکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، 25 شێر، شەش کەمتیار، سێ جۆر مەیموون، پێنج  پشیلە کێوی، شەش ئاسک، پێنج کۆتر، دوو جۆر کیسەڵ، ژمارەیەکی زۆر باڵندە، هەروەها  دوو سەگ لەناو ئەو پارکەدا هەن.

ئاژەڵەکان مەترسی برسییەتی و تینوێتییان لەسەرە ئەگەر فیشەکی جەنگیان لێ نەدرێت.

لە مانگی یەکی ساڵی 2020، لە ناو باخچەی ئاژەڵانی قوڕەشی لە خەرتوومەوە، باس لە مردنی ئاژەڵەکان لە برسییەتی دەکرا، تا وای لێهاتبوو خەریک بوو ببن بە "ئێسکەپەیکەر".  

بەرپرسی پارکەکان لە دەستەی پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان، عادل محەممەد، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، کێشەی باخچەکە چارەسەر کراوە.

فەیسەڵ عومەر، پزیشی ڤێتێرنەریی، بە رۆژنامەکەی راگەیاند، ئاژەڵەکان پێنج مافیان هەیە، لەوانە خواردن، خواردنەوە، هەستکردن بە سەلامەتی، گواستنەوە و نیشتەجێبوون. دەشڵێت، "ئەگەر ئاژەڵەکان لەکاتێکدا لە قەفەسدان برسی ببن، ئەوا بە شەریعەت قەدەغەیە، هەروەها ئەگەر لە قەفەسەکان بەڕەڵا بکرێن، ئەوا کارەسات روودەدات، چونکە ئەوان مرۆڤ و ئاژەڵ دەخۆن".

عومەر ئەوەشی خستەڕوو، بۆ نموونە شێر پێویستی بە زیاتر لە سێ کیلۆ گۆشت هەیە لە رۆژێکدا، هاوکات کەمتیار پێویستی بە یەک کیلۆ گۆشت هەیە لە رۆژێکدا، ئەمەش وایکردووە دابینکردنی لەکاتی جەنگ و شەڕکردندا قورس و مەحاڵ بێت.

پرۆفیسۆر مەنال ئەلفاتح، لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی سوودان سەر بە زانکۆی خەرتوم بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت بچێتە ئەو مۆزەخانەیەی کە دەکەوێتە شەقامی زانکۆ، بۆ ئەوەی دۆخی ئاژەڵەکان بزانێت، چونکە ئەو شوێنە شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرای تێدا بەڕێوەدەچێت.

 دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم هەندێک ئاژەڵ بمرن، ژینگەکەش خراپە لە مۆزەخانەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لەخۆدەگرێت، وەکو تیمساح، ئاژەڵە رەسەنەکان، کیسەڵ، باڵندە، مەیموون و ئاژەڵە دەگمەنەکانی تر کە لە وڵاتان هێنران بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت."

محەممەد نوجومی پسپۆڕی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: ئازادکردنی ئاژەڵە نێچیرەکان بەتایبەتی شێر و گورگ و پڵنگ، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و سەلامەتی گشتی هاوڵاتیان، چونکە بەرپرسانی باخچەی ئاژەڵان یان ئاژەڵە کێوییەکان، یان ئەوانی دیکە کە بەرپرسیارن لە چاودێری و بەخێوکردنیان، ئازادیان دەکەن بۆ سەر شەقام و گەڕەکەکان لەنێو هاوڵاتیاندا.

Fly Erbil Advertisment