ڤیان سەبری: پرۆژە یاسای بودجە لە قۆناغی کۆتاییدایە

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لەوەکردەوە پرۆژە یاسای بودجە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمزووانە پەسەندەکرێت، هاوکات لە ئەستۆگرتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دووپاتکردەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانەی بەشداری کردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بودجەی گشتی پەسەندبکرێت و هیچ کیشەیەک بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دروستنەبووە.

هەروەها راشیگەیاند، لایەنە کوردییەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەک دەنگن و تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە.

ڤیان سەبری، باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەنگن، ئەگەر بڕگەیەک هەبێت بە دڵیان نەبێت، پێویستە بە هەمان شێوە بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر بدەن و تێیپەڕێنن.

لەبارەی ماددەی 12، لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، ئەو ماددەیە بە شێوازێکی گشتی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە پرۆژە یاسای بودجە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران راشیگەیاند، ماددەی 12 لە دوو بڕگە پێکدێت، وەکو کورد پێشنیازیان کردووە بە شێوازێکی دیکە دابڕێژرێتەوە، کە بە دڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.

ڤیان سەبری، باسی لەوەشکرد، لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتونەتە رێكکەوتن و تەنها هەندێک کێشەی تەکنیکی لە نێوان عێراق و تورکیادا ماوە، پێویستە عێراق بە زوییی چارەسەریبکات لەگەڵ تورکیا.

گوتیشی، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵیە لە ئەگەری درەنگ پەسەندکردنی بودجە و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.

هەروەها ڤیان سەبری، ئەوەشی راگەیاند، دەستور وەکو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، نەک وەک پارێزگا بۆیە ئەمەش دەبێت لە بودجە و یاساکاندا رەنگبداتەوە.

سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونیکردەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی بە پارێزگای بوونی هەڵەبجە نین، بەڵام پێویستە دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت کە هەڵەبجە ببێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق.

Fly Erbil Advertisment