سهفین دزهیی: رۆڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر بووە

K24 - هەولێر:
سهفین دزهیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدهگهیهنێت، دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا، دەرئەنجامی باشیان هەبووە و ئێستا بەریتانیا رۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر بووە.
سەفین دزەیی بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکوهزیرانی ههرێمی كوردستان، بەشداری لە رێوڕهسمی تایبەت بەبۆنەی تاج لەسەرنانی شا چارڵسی سێیەم، کەلەلایەن کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رێكخرابوو، رایگهیاند، دۆستایەتیمان لەگەڵ بەریتانیا بەهێزە و سوپاسگوزاری هاوکارییەکانی بەریتانیا و دۆست و هاوپەیمانەکانمانین.
سەفین دزەیی ههروهها گوتی: "زۆر خۆشحاڵین بە ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا، كه بۆ ساڵی 1991 دهگهڕێتهوه، ئەوکاتەی نوای ئارام بۆ هەرێم کوردستان بە هەوڵی زۆری جۆن مەیجەر راگەیهندرا".
دهشڵێت: "بریاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە هاوکاری هاوڕێ فەرەنسی و ئەمهریکا و وڵاتانی دیکە بوو. ئەوەی لە کوردستانی مۆدێرن بەدەستهاتووە، بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ هاوکاریی هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان و سوپاسگوزارین".
سهفین دزهیی گوتیشی: "سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیانکرا، له ئێستادا دەرئەنجام و دەستکەوتی ئەو سەردانانە دەبینین، ئێستا بەریتانیا رۆڵی لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازیی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، لەبواری بزنس هانی کۆمپانیا بەریتانییەکان دەدەین بێنە هەرێمی کوردستان و بازاڕێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین و دەکرێ ببێتە سەنتەر و چەقی بازرگانی بۆ هەموو عێراق".
بۆ بهریتانییهكان روونیشیكردهوه، "لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ههرێمی كوردستان، تیمێکی بەدواداچوونمان هەیە، بۆیە بەمنزیکانە لە دەرگاتان دەدەینەوە بۆئەوەی بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو بابەتانەی لە شەش مانگی رابردوو باسمان لێوەکردوون."