لویس ساکۆ: رەیان کلدانی دەیەوێت بەناوی کریستیانەکانەوە دەستبەسەر هەموو شتێک دابگرێت
"ئەگەر حکومەت بەرامبەر قسەکانی رەیان کلدانی نێتە دەنگ پەنا بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبەین"

K24 - هەولێر
پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی کاتۆلیکی لە عێراق و جیهان لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دووپاتیدەکاتەوە کە ئەگەر حکومەت بەرامبەر قسەکانی رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون نێتە دەنگ ئەوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن.
لویس ساکۆ، دەشڵێ "رەیان کلدانی رەخنە لە کەنیسە و سەرۆک بارزانی دەگرێت، لە کاتێکدا سەرۆک بارزانی وەک باوک وایە بۆ ئەوان".
پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی کاتۆلیکی لە عێراق و جیهان گوتی: "رەیان کلدانی سەرکردەی کەتائیبی بابلیۆنە، دەیەوێت خۆی گەورە بکات و ببێتە سەرکردە، ئەو چۆن رەخنە لە کەنیسە و کاک مەسعود بارزانی دەگرێت، لەکاتێکدا کاک مەسعود وەک باوک وایە بۆمان و ئەو پێگەی هەیە و خزمەتی کردووە، ئەو رەخنەشی لە نووری مالیکیش گرتووە، پێویستە سنوورێکی بۆ دابندرێت، چ پەیوەندی بەوە هەیە رەخنە لە کەنیسە بگرێت، ئەو دەیەوێت بەناوی کریستیانەکانەوە دەستبەسەر هەموو شتێک دابگرێت و سەرپەرشتی موڵک و ماڵ و کاروباری کریستیانەکانیش بکات، کۆتا و وەزارەتی کۆچبەرانی بردووە".
گوتیشی: "رەیان کلدانی، دەستی بەسەر وەقفی کریستیانەکان داگرتووە، ئێستاش دەیەوێت دەستبەسەر موڵکی کریستیانەکان دابگرێت و ئێمەش رێگەی پێنادەین و سکاڵا لە دژی دەکەین و ئەگەر حکومەتی عێراقیش نەیتوانی هیچ بکات، پەنا بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبەین".