واژوو بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی سویسرا لەبارەی پرسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان کۆدەکرێتەوە
K24 - هەولێر:
پەنابەرە ئێزیدییەکانی دانیشتووی کەمپ و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن 50 هەزار واژوو بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی سویسرا لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکۆژی کوردانی ئێزیدی کۆبکەنەوە.
گرووپی "هێڤی"، گرووپێکی سەربەخۆی ژمارەیەک گەنجی کوردانی ئێزیدییە، ماوەی 10 رۆژە لەناو کەمپ و ئەو شوێنانەی هەرێمی کوردستان کە کوردانی ئێزیدی لێیان نیشتەجێن، هەوڵی کۆکردنەوەی واژوو بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی سویسرا لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکۆژی کوردانی ئێزیدی دەدەن.
وەکو ئەوەی فەیسەڵ عەلی، بەرپرسی گرووپی هێڤی باسی لێ دەکات، لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پەیوەندیدان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لینکی ماڵپەرێکیان پێداون، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە واژوو کۆبکەنەوە "ئێمەش لە رێگەی سەردانی مەیدانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین واژوو دەدەین. لە ئەڵمانیا تا ئێستا نزیکەی 15 هەزار واژوو کۆکراونەتەوە، هەر چەندە خۆی 50 هەزار واژوو پێویستە، بەڵام دەمانەوێت بە کۆکردنەوەی نزیکەی 70 هەزار واژوو، فشارێکی زیاتر لەسەر پەرلەمان دروستبکەین بۆ ئەوەی دانیشتن ئەنجام بدات".
کەمپی چەمشکۆ، دەکەوێتە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیاتر لە 22 هەزار پەنابەر لە خۆ دەگرێت و زۆرینەی ئەو پەنابەرانە کوردانی ئێزیدین.
شێخ سلێمان، کوردێکی ئێزیدی دانیشتووی کەمپی چەمشکۆیە و لەبارەی کۆکردنەوەی واژووکان دەڵێت، خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی واژوویان لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی سویسرا بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکۆژی کوردانی ئێزیدی کردووە، "زۆر کۆمەڵکوژی بەسەرمان هاتوون و ستەمی زۆرمان لێکراوە، هەر لایەنێک هاوکاریمان بکات سوپاسی دەکەین".
شەمێ دێرۆ، ئافرەتێکی دانیشتووی هەمان کەمپە، وەکو خۆی دەڵێت، نۆ ساڵە لەنێو کفنی خۆیاندا دەنوون و تا ئێستا ئێسکوبروسکی خزم و کەسوکاریان لە بیابانەکانن و دەرنەهێندراون. داواش دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان مافەکانیان بۆ دەستبەر بکەن.
تا ئێستا هەر یەک لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، سکۆتلەندا، ئەرمینیا، ئۆسترالیا، هەرێمی کوردستان، پورتوگال، عێراق، هۆڵەندا، لیژنەی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی لە پرسی سووریا و رابیتەی جیهانیی زانایان تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدیان وەک جینۆساید ناساندووە.
لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزیدی کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن و شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە رفێندران. هوکات تا ئێستا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە سێ هەزار و 362 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونهتهوه و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.
لە کۆمەڵکۆژییهكهی شنگال دا، دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونهتهوه، لەگەڵ ئهوهشدا نزیکەی 400 ههزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تائێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نهگهڕاونهتهوه و لەژێر چادری کەمپەکان لە ژیانێکی سەخت دا ژیانیان بەسەردەبەن.