وەزیری دەرەوەی هەنگاریا: باشترین رێگا بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا وەستاندنی شەڕە

پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا | وێنە: Hungary Today
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا | وێنە: Hungary Today

K24 - هەولێر:

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی هەنگاریا باشترین رێگا بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا وەستاندنی شەڕە. دەشڵێت: زۆرینەی دەوڵەتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ ئاشتیان دەوێت.

پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کرد و گوتی:"باشترین رێگا بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا وەستاندنی شەڕە".

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا راشیگەیاند، زۆرینەی دەوڵەتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ ئاشتیان دەوێت و تێوەگلانی ناتۆ لەجەنگی رووسیا بەمانای روودانی جەنگی ئەتۆمی دێت.

وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی هەنگاریا باسی لێ دەکات، لەسەرەتای جەنگەوە پشتیوانی ئۆکرانیایان کردووە، بەڵام رێگەیان بەناردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە نەداوە.

پیتەر سیارتۆ ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەرچی زووە کۆتای بەجەنگی ئۆکرانیا بهێندرێت، بەپێچوانەوە زیانمەندی یەکەم لە جەنگەکە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیان.

ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بە کەناڵی 1+1 ی ئۆکرانی راگەیاند، بڕیاری دابینکردنی  فڕۆکەی "F-16" پەیوەندی بە کاتەوە نییە، چونکە بەهۆی دوودڵی هاوپەیمانانەوە ئۆکرانیا باجی بە ژیانی خەڵک دەدات.

کۆلیبا گوتیشی: ئێمە فڕۆکەی "F16" مان هەیە،  ئێمە بڕوامان وایە بڕیارەکە پشت دەبەستێت بە ئەمەریکا و ئەو هێرشەی کە بریارە بەم نزیکانە لەلایەن کیێفەوە ئەنجام بدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر لە ئێستادا فڕۆکەی ئێف-16مان هەبێت، ئەوا هێرشەکەمان زۆر خێراتر دەبوون و دەمانتوانی ژیانی زۆرێک لە سەربازەکانمان و هاوڵاتیانی مەدەنی رزگار بکەین کە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە دەناڵێنن."

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم فڕۆکانە یەکێکن لە سێ کارە لە پێشینەکان بۆ پشتیوانی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، لەگەڵ تەقەمەنی تۆپخانە و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش."

هاوکات کیێڤ چەندین جار داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کردووە فڕۆکەی جەنگی بۆ دابین بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا کە ژێرخانی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج و هێرشی دژ بە شوێنەکانی سوپای رووسیا ئەنجام بدەن.

Fly Erbil Advertisment