ئەمڕۆ 78مین ساڵرۆژی سەرکەوتنی رووسیا لەجەنگی دوومی جیهانیدا لەمۆسکۆ بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 78مین ساڵرۆژی سەرکەوتنی رووسیا لەجەنگی دوومی جیهانیدا لەمۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) بڵاویکردەوە، لە 78مین ساڵرۆژی سەرکەوتنی رووسیا دژی نازییەکان لەجەنگی دووەمی جیهانیدا، رێوڕەسمێکی گەورەی سەربازی لە مەیدانی سووری مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
کۆشکی کرمملن باسی لەوەشکردووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی باڵای وڵات ئامادەی رێوڕەسمەکانی رۆژی سەرکەوتن لەمەیدانی سوور دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکانی بیلاڕووسیا، تاجیکستان، کازاخستان، ئۆزباکستان و ئەرمینیا بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەکەن و چاوەڕواندەکرێت ڤلامدیێر پوتن گوتارێک پێشکەش بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرەڕای جەنگی ئۆکرانیا و گەمارۆ ئابوورییەکان، رووسیا دوای نزیکەی نۆ ساڵ گەڕایەوە ریزبەندی 10 وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان.
ماڵپەڕی نۆڤۆستی ئابووری رووسی بڵاویکردەوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی رووسیا لەسـاڵی 2022 دا گەیشتووەتە 2.3 ترلیۆن دۆلار بووە، کە ئەوەش وادەکات ببێتە خاوەنی پلەی هەشتەم لە ریزبەندی وڵاتانی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان.
ماڵپەڕی نۆڤۆستی باسی لەوەشکردووە، لەریزبەندەکەدا ئەمریکا پلەی یەکەمی گرتووە بە تێکڕای بەرهەمهێنانی 25 ترلیۆن دۆلاری ساڵانە و چین بەتێکڕای بەرهەمهێنانی 17 ترلیۆن دۆلار پلەی دووەمی گرتووە.
لەدوای ساڵی 2014وە رووسیا بۆ یەکەمین جارە دەگەڕێتەوە ریزبەندی 10 وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان.