له عێراق هه‌وڵی ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی میسر و ئێران ده‌درێت

K24 - هەولێر:
هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و میسر به سه‌رپه‌رشتی عێراق به‌رده‌وامییان هه‌یه، هاوكات به‌رپرسانی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نن، ئامانج له‌و هه‌وڵانه گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیرییه بۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 9ـی ئایاری 2023) چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقی به میدیاكانیان راگه‌یاندووه، له‌وه‌ته‌ی مانگی ئاداری ئه‌مساڵەوە شاندی هه‌ردوو حكومه‌تی میسر و ئێران له به‌غدا به‌سه‌رپه‌رشتی شاندێكی حكومه‌تی عێراق چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان به ئامانجی لێكنزیكبوونه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجامداوه.
به‌رپرسانی عێراق ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان له‌نێوان شاندی هه‌ردوو وڵات له به‌غدا به‌ڕێوه‌چووه، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه تا چ ئاستێك پێشكه‌وتوو بووه.
هاوكات به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "زه ناشیۆنال"ـی ئیماڕاتی، دانوستانه‌كانی نێوان شاندی هه‌ردوو وڵات، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو مانگی ئادار و نیسان، له ئاستی پێویستدا نه‌بوونه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان له‌م پێناوه‌دا ئاراسته‌یه‌كی باشیان گرتووه.
ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ئاداری ئه‌مساڵ رایگه‌یاند، میسر وڵاتێكی گرینگه له ناوچه‌كه‌دا، له‌م سۆنگه‌یه‌وه ناوچه‌كه پێویستی به هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان تاران و قاهیره هه‌یه و ئێران هه‌نگاوی جیدیی ده‌نێت بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ میسر.
له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵەوه هه‌وڵه‌كان له ناوچه‌كه‌دا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتان چڕبووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سعوودیه - ئێران، سعوودییه - سووریا، میسر- سووریا، توركیا – سووریا، توركیا – میسر و گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی و گۆڕه‌پانی ناوچه‌كه به‌گشتی.