وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا: چاوشئۆغڵۆ و فه‌یسه‌ڵ میقداد له مۆسكۆ كۆده‌بنه‌وه

K24 - هەولێر:
حكومه‌تی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ هاوتا سوورییه‌كه‌ی له مۆسكۆ كۆده‌بێته‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مولوود چاوشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ میقداد هاوتا سوورییه‌كه‌ی بڕیاره له مۆسكۆ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان به نێوه‌ندگیری رووسیا كۆده‌بنه‌وه.
ئه‌مه ده‌بێته یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا و توركیا له دوای دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆیی و كێشه‌ی سیاسیی ساڵی 2011ـه‌وه، كه توركیا پێشوازی له نزیكه‌ی سێ ملیۆن ئاواره و هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریای كرد.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه چاوشئۆغڵۆ ده‌گاته مۆسكۆ، سبه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی هه‌ریه‌ك له سووریا، رووسیا و ئێران كۆده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له توركیا، سووریا، رووسیا و ئێران، تاووتوێی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا ده‌كرێت، جیا له پرسه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و سیاسی و مرۆییش گفتوگۆیان له‌باره‌وه ده‌كرێن.