پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژرا

K24 - هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند: بەداخەوە پەیامنێرمان "ئارمان سۆڵدین" لە نزیک شاری باخموتی ئۆکرانیا لە هێرشێكی مووشەکیدا کوژرا.
فرانس پرێس لە زاری شایەتحاڵێكەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە شارۆچکەیەک بووە لە نزیک باخموت، لەو ناوچەیەی کە چەندین مانگە شەڕ و پێکدادان تێیدا بەردەوامە.
تیمی رۆژنەماوانی ئاژانسی فرانس پرێس لەکاتێکدا لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی بوون، بە مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر.
کاتێك مووشەکێک لەنزیک ئەو شوێنە دەدات کە ئارمان سۆڵدین لێی پاڵکەوتبوو، گیان لەدەست دەدات، دواتریش ئەندامانی دیکەی تیمەکەی فرانس پرێس بە زیندوویی لە هێرشە مووشەکیەکە رزگاریان دەبێت.
فابریس فرایس، سەرۆکی ئاژانسی فرانس پرێس سەبارەت بە کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە رایگەیاند، مردنی ئارمان بیرهێنانەوەیەکی ترسناکە بۆ ئەو مەترسیانەی رۆژانە ڕووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە کە رووماڵی ململانێکانی ئۆکرانیا دەکەن، گوتیشی: هەموومان خەمبارین بە لەدەستدانی ئارمان.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەلای خۆیەوە، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و هاوڕێیانی ئارمان سۆڵدین کرد و رایگەیاند، ئەو ئازایانە لە سەرەتای پێکدادانەکانەوە لە هێڵێ پێشەوە راستییەکانی بۆ دەگواستینەوە.
Journaliste de l'Agence France-Presse, l'un de nos compatriotes, Arman Soldin, a été tué en Ukraine. Avec courage, dès les premières heures du conflit il était au front pour établir les faits. Pour nous informer. Nous partageons la douleur de ses proches et de tous ses confrères.
— Emmanuel Macron (@EmmanuelMacron) May 9, 2023
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا، هاوخەمی خۆیان بۆ خێزان و هاوکارەکانی ئارمان دەربڕی و لە تویتێکدا رایانگەیاند، ئارمان سۆڵدین لە هێرشێکی مووشەکی سوپای رووسیادا لە رۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنیتسک کوژراوە.
ئارمان سۆڵدین (تەمەن 32 ساڵ) لە سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنە و هێرزۆگۆبینیا لەدایکبووە و ساڵی 2015 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستی کردووە بە کارکردن لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس.
ئارمان لەگەڵ یەکەم تیمی رۆژنامەوانی فرانس پرێسدا بووە کە لە سەرەتای جەنگەوە لە 24ـی شوباتی 2022 بۆ رووماڵی پێکدادانەکان چوونەتە ئۆکرانیا.