دارا رەشید: هیوادارین بەشداری کۆبوونەوەی یەکشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی دارایی هاوبەش کردەوە کە ماوەیەکە تیمە وەزارییە دانوستکارەکانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان کاری لەسەر دەکەن و چاوەرێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، وەک پرۆژەی حکومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەڵامی پرسیارێکی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پرۆژەیەکی دارایی هاوبەش کرد و رایگەیاند، هەوڵدەدەن بۆ مەرکەزی کردنی داهات و خه‌رجییه‌كان و مووچه‌ بكرێته‌ پرسێكی سیادی و لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.

لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، دارا رەشید ئاشکرایکرد، بۆردێک بۆ سەرپەرشتی کردنی داهات و خەرجییەکان دابنرێت و دوای تەواوکردنی رەشنووسی ئەو پرۆژەیە دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەک پرۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگی لەسەر دەدرێت.

لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌نگاوه‌كانی گفتوگۆی تیمە وەزارییەکانی به‌ره‌و پێشتربرد و پەیوەندییەکانیان ئێستا گەشیتووەتە قۆناغێکی زۆر باش و هیواشی خواست بەشداری لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن.

دارا رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، وەک تیمی وەزاریی یەکێتی کێشەیان لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نییە و دەیانەوێت کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداربێت و بڕیار لەسەر دەرئەنجامی گفتوگۆکانی ئەو چەند مانگەی رابردوویان بدرێت.

زیاتر گوتیشی، ئەو پرۆژەیە داراییە هاوبەشە درێژکراوەی ئەو بڕیارانەی پێشترە لەپێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و جوڵەی زیاتر لە بازاڕ.

Fly Erbil Advertisment