نوێترین ئاماری قوربانیانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان رادەگەیەندرێت

K24 - هەولێر:
لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە 15ی نیسانەوە لە نێوان سوپای سوودان و هیزەکانی پشتیوانی خێرا دەستی پێ کردووە تا ئێستا 524 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.
سەندیکای پزیشکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هیزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15ی نیسانەوە تا ئێستا 524 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، دوو هەزار و 872ـی دیکەش برینداربوون.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێشتا پێکدادانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامن، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر زیاتر بێت.
لە بەیانی 15ـی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.