وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کوردستان24: تا ئێستا 429 هاووڵاتیی عێراقیمان لە سوودان گەڕاندووەتەوە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە ئاشکرا دەکات کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوودانەوە تا ئەمڕۆ لەو وڵاتە گەڕێندراونەتەوە.
رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێداونێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان لەنێوان لایەنە شەرکەڕەکانی سوودان تا ئەمڕۆ و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانیویانە 429 هاووڵاتیی عێراقی لەو وڵاتە بگەڕێننەوە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو ژمارە هاووڵاتییانەی گەڕێندراونەتەوە، بەشێکیان هاووڵاتیی سوورین. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی داوایان لێکردووە بیانگەڕێننەوە، لەڕێگەی چەند قۆناغێکی جیاوازەوە گەڕێندراونەتەوە.
هاوکات دکتۆر عەتییە عەبدوڵڵا، سکرتێری سەندیکای پزیشکانی سوودان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15ی نیسانەوە تا ئێستا 524 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، دوو هەزار و 872ـی دیکەش برینداربوون.
سکرتێری سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا پێکدادانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامن، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر زیاتر بێت.
لە بەیانی 15ـی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.