چوارەمین رێوڕەسمی ساڵانەی (ماستی قەڵاتێ) بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر

بە دروشمی "بەخشین کلیلی بەختەوەرییە"، رۆژی هەینی 12ی ئایاری 2023، بەسەرپەرشتی رێکخراوی شنروێی کاکەیی، لە گوندی هاوار چوارەمین رێوڕەسمی (ماستی قەڵاتێ )ی تایبەت بە کاکەییەکان بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا چەند چالاکییەکی ئاینیی و هونەری بەڕێوەچوون، لەگەڵ بەخشینی بەرهەمی شیرەمەنی مەڕوماڵات بەسەر یەکتردا.

ئەم رێوڕەسمە بۆنەیەکی دێرینی کاکەییەکانی ناوچەی گوندەکانی هاوار و هەوارەکۆن و دەرەتوێیە لە پارێزگای هەڵەبجە، بەشداریکردن تێیدا وەک ئەرکێک وێنادەکرێت .

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی مەراسیمەکە، بەناوی عاسی ساڵح فایەق گوتی: "لەلایەن خەڵکانی ئەم ناوچەیەوە، ساڵانە لە وەرزی بەهاردا بەڕێوە دەچێت، مەبەست لێی پتەوکردنی گیانی تەباییە لەنێوان یەکتردا، لەم بۆنەیەدا دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەمڕۆ هەمووان نمەکی یەک دەکەین و وەک یەک خێزانین و بەخشین کە پایەیەکی گرنگی بیر و باوەڕەکەمانە کردومانەتە بنەمای پێکەوە ژیان".

دەشڵێت: "رێوڕەسمی رۆژی بەخشین یەکێکە لە رۆژە تایبەتەکانی کاکەییەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە هاوار و هاوارەکۆن، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵای زۆر کۆن، ئەو کات بەشداربووان بەرووبوومی ئەو ئاژەڵانەی هەیانە بەخشیویانە بەوانەی کە دەستکورت بوون، بۆیە ئەمە هۆکارێک بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوکات رێچکەیەکی ئایینیشی وەرگرتووە و سەردانی ناوچە پیرۆزەکانی کاکەییەکان کراوە لە گوندی هاوار و نزایان کردووە بۆ زیادکردنی رزق و رۆزی".

.
.

Fly Erbil Advertisment