لە سوودان جەنگ ئەرکی رۆژنامەنووسانی ئاڵۆز کردووە

K24- هەولێر

رۆژنامەنووسان و میدیاکاران کە لە سوودان کاردەکەن بە کۆی دەنگ دووپاتی دەکەنەوە کە شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا ئەرکەکەیان ئاڵۆزتر کردووە و ناهێڵن بگەنە راستییەکان سەبارەت بەو شتانەی لە وڵاتەکەدا روودەدەن.

ئەو میدیاکارانە دەشڵێن: ئەوانەی بەدوای زانیاری باوەڕپێکراودا دەگەڕان، بوونەتە قوربانی جەنگی دوو فەرماندەکە، ئەمەش وای کردووە، رۆژنامەکانیان بە تەواوی بوەستێت و پەخشی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی بپچڕێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کارەکانیان لە گەڕان بەدوای زانیاری راستەقینەدا، هەندێک جار وایان لێدەکەن دڵسۆزانی سوپا بەرامبەرەکەی وەک "یاخیبوو" ناو دەبەن، یان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سوپا بە "دوژمن" هەژمار دەکات.

لە سەرەتای شەڕەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە شوێنی کارەکانیان، بە تایبەت لە تەلەفزیۆن و رادیۆ فەرمییەکان کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراەوە دەستیان بەسەردا گیرا، راگیرابوون، کە نزیکەی 30 رۆژنامەنووس دەبوون، بەشێکیان لە ئۆفیس و شوێنی کارەکەیاندا گیریان خواردبوو، بۆ ماوەی چوار رۆژ لە کاتێکدا بە رۆژووبوون، تەنها بە هەندێک خورما و ئاو رۆژووەکەیان دەشکاند.

رۆژنامەنووس شەوقی عەبدولعەزیم بەشەرقولئەوسەتی راگەیاند، لایەنە شەڕکەرەکان پابەند نەبوون بە رێساکانی پاراستنی رۆژنامەنووسان لە کاتی شەڕەکاندا، ئەمەش وایکردووە کاری رۆژنامەگەری رووبەڕووی واقیعێکی زۆر ئاڵۆز بێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "دەنگی رۆژنامەگەری ئێستا بەتەواوی بوونی نییە، هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی نییە، هەوڵیش دەدرێت لە گۆڕەپانەکە دووربخرێتەوە لە بەرژەوەندی پڕوپاگەندەی جەنگدا" بەڵام ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە "رۆژنامەنووسان رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە".

رۆژنامەنووس فەیسەڵ ئەلباقر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا رایگەیاند، کە دوو لایەنی شەڕکەرەکە بەرژەوەندییان هەیە لە نەبوونی رۆژنامە و میدیاکان لە شوێنی رووداوەکان.

ئەلباقر کە تایبەتمەندە لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافی رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، کە رێکخراوی "جەهر" کۆمەڵێک پێشێلکاریی لە دژی رۆژنامەنووسانی ئافرەت لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە بەڵگە کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەرکی خۆمان، پێویستە هەردوولا رێز لە ئازادی رۆژنامەگەری بگرن و واز لە بەئامانجکردنی رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن بێنن.

ئەلباقر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی کرد، رێگە نەدەن بە بێ سزا ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی ئافرەت و پیاو ئەنجام دەدرێن تێپەڕێت.

بەرپرسی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سوودان، عەبدول مونعیم ئەبو ئیدریس، گوتی: میدیاکاران ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە دامەزراوەکانیان دەکەوێتە ناوچەی پێکدادانەکان، ناوبراو وەستانی کەناڵە تایبەتەکانی پشتڕاستکردەوە، جگە لە کەناڵەکانی "نیل شین" و "سودانیە 24" کە لە دەرەوەی سوودانەوە پەخش دەکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، تەلەفزیۆنی سوودان لە شوێنێکەوە پەخشی دەکرد کە ناتوانم دەستنیشانی شوێنەکە بکەم، بەڵام چوار رۆژ لەمەوبەر وەستا.

Fly Erbil Advertisment