پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارانی تەقینەوەکەی قەرەهەنجیر دەستگیردەکات

K24 – کەرکووک:
پۆلیسی کەرکووک دەستگیکردنی بکەرانی تەقینەوەکەی گوندێکی ناحیەی قەرەهەنجیری راگەیاند کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئافرەت.
ئەمڕۆ شەممە (13ـی ئایاری 2023)، پۆلیسی کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوەی ورد توانیویانە سێ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆی گوندی کەوەڵەی سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیر لە پاریزگای کەرکووک دەستگیربکەن کە بەهۆیەوە دوو ئافرەت برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی کەرکووک، تۆمەتبارەکان هەستاون بە دانانی نارنجۆکێکی دەستی بە دەرگای یەکێک لە باخچەکانی گوندەکە و لەکاتی کردنەوەی دەرگای باخچەکە، نارنجۆکەکە بەو دوو ئافرەتەدا تەقیوەتەوە.
هاوکات پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەکان، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی 345 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون خزمی ئەو ماڵەن کە نارنجۆکەکەیان بۆ داناون بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەو کارەیان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ شەممە (13ـی ئایاری 2023)، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24 راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لە گوندی کەوەڵەی ناحیەی قەرەهەنجیر دوو ئافرەت لەکاتی کارکردن لە مەزرەعەیەکی خۆیاندا نارنجۆکێک پێتاندا تەقیوەتەوە و بریندار بوونە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی: دوو ئافرەتەکە پارچەی نارنجۆک بەر پشتیان کەوتووە و برینەکانیان سەخت نییە، بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە ئازادی لە کەرکووک کراون.