پەروین بوڵدان: دەنگمان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای تورکیا دا
K24 - هەولێر
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، دەنگی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای تورکیا داواە. هاوکات داوە لە سەجەم هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەکات دەنگ بدەن و "گۆڕانکاری دروستبکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دوای ئەوەی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی شاری وانی باکووری کوردستان دەنگیدا؛ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە کوردستان24ـیش ئامادەی بوو، ئاماژەی بەوەکرد، "ماوەیەکی زۆر درێژە خەبات دەکەین و ئەمڕۆ کۆتا رۆژە بۆ ئەوەی بەرهەمی ماندووبوونەکەمان وەربگرینەوە."
بەگوتەی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، ماوەیەکی زۆر درێژە رەشبینی لەنێو هاووڵاتییانی تورکیادا هەیە و "دەسەڵاتێکی خراپ لەم وڵاتە (تورکیا) بوونی هەیە و پێویستە کۆتایی بەم دەسەڵاتە بێت، ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە دەنگمان دا، دڵنیام لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەوین."
پەروین بوڵدان هیواخوازە سەرجەم دەنگەکانیان بۆ ئارامی، سەقامگیری، گەشەپێدان، دیمواکراسی و دادپەروەری تورکیا بێت و، وەکو خۆی دەڵێت، "لەم وڵاتە ناحەقی زۆر هەبوون و ئێمە چاوەڕێی گۆڕانکارین و هەموو گەلی تورکیا چاوەڕێی گۆڕانکارییە. 82 ملیۆن هاووڵاتیی ئومێدی بەم هەڵبژاردنە هەیە".
پەروین بوڵدان دەڵێت، چاوی ئەوان و سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیا لە سندووقەکانی دەنگدانە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دروستبکەن، هاوکات داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بۆ "ئەنجامدانی گۆڕانکاریی" بدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 08:00ی بەیانی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و 28مین خولی پەرلەمان لە سەرتاسەری تورکیا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 17:00ی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.
پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی جمهوور" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.
هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.
هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.