ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی لووتکەی سەرکردەکانی G7 لە ژاپۆن تەواو دەکرێن

K24 - هەولێر
کیشیدا فومیۆ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، رێوشوێنە ئەمنییەکانی لە شاری هیرۆشیما بەسەر کردەوە کە لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرکردەکانی G7 گیراونەتە بەر.
چاوەکان لە 19-21ی ئایار دەچنە سەر هیرۆشیما کە شارێکی کەناراوییە و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن و لووتکەی سەرکردەکانی G7 لە هۆتێلی Grand Prince لەوێ ئەنجام دەدرێت.
بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو ئامادەکارییانەی بۆ لووتکەکە دەستیان پێ کردووە کیشیدا فومیۆ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رێنمایی داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویستی ئەمنی بگرنە بەر لە شارەکە و دەوروبەری ئەو هۆتێلەی لووتکەکەی لێ ئەنجام دەدرێت.
لەو میانەیەدا کیشیدا فومیۆ گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییەکانی لە هیرۆشیما بەسەر کردەوە و رایگەیاند: "وەک وڵاتی خانەخوێی لووتکەکە، ئەرکی سەرشانمانە وەک ژاپۆن لووتکەکە بەشێوەیەکی ئاسایشپارێزراو و بێکێشە ئەنجام بدرێت".
کیشیدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەنجامدانی لووتکەکە لە مێژووی وڵاتەکەیدا دەبێتە "گرنگترین لووتکە"ی ئەنجامدراو لە ژاپۆن.