سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی هێزی پشتیوانی خێرای سوودان بلۆک کران

ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان
ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان

K24 - هەولێر:

فەرماندەی سوپای سودان بە بڕیارێک سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی هێزی پشتیوانی خێرای بلۆک کرد.

نوسینگەی عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیارێکی فەرماندەیی سوپا سەرجەم بانکەکانی سودان و لقەکانیان لە دەرەوەی وڵات ئاگادارکراونەتەوە کە هەژمارەکانی هێزی پشتیوانی خێرا بلۆک بکەن.

بڕیارەکەی عەبدولفەتاح بورهان وەزارەتی دارایی سودانیش دەگرێتەوە و قەدەغەی دەکات هیچ بڕە بودجەی بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو خەرج بکەن.

هاوکات، عەبدولفەتاح بورهان پارێزگاری بانکی ناوەندی سودانی لەپۆستەکەی دوورخستەوە و کەسێکی نزیک لەخۆی لەپۆستەکە دانا.

نزیکەی مانگێکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا (HDK) لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی سوودان سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە زۆرینەی رێکخراوە نێودەوڵەتی و هاووڵاتییە بیانییەکان وڵاتەکەیان چۆڵ کردووە و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

Fly Erbil Advertisment