کونسوڵخانەی ئەمەریکا: بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانینە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە کاری هاوبەش و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر دەڵێت: بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانینە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کارە لەپێشینە هاوبەشەکانمان بۆ پێشخستنی زیاتری ئەم بەرەوپێشچوونە".
لەو راگەیەندراوەدا کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر پێشوازی لە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات.
دوێنێ 14/5/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمی وەزارەی یەکێتی و سەرجەم وەزیرەکانی دیکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتکردەوە و جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.