عەلی حوسێن: کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی تایبەتە بە هەڵبژاردن

K24 - هەولێر:
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو سەقامگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەی سبەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تایبەت دەبێت بە پرسی هەڵبژاردن.
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەوڵی کاتژمێر8ــی کوردستان24، رایگەیاند، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەیامێکی گرنگ و پێویستبوو لەکاتی خۆیدابوو. هەروەها راشیگەیاند، پارتی پابەندە بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و ئامادەیە بۆگفتوگۆکردن.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کەوا بڕیارە سبەی سێشەممە (16ـی ئایاری 2023) لە سلێمانی بەرێوەبچێت، عەلی حوسێن رایگەیاند تایبەت دەبێت بە پرسی هەڵبژاردن.
ئەو بەرپرسەی پارتی روونیکردەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی لە راگەیندراوێکدا دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان نیشاندا و سەرەتا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
هەروەها گوتیشی، سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بۆ لای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بووە هۆی لێکتێگەشتن و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لەناو حکومەت هەیە، چونکە ماوەیەک بوو تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو.
عەلی حوسێن، جەختی لەوەکردەوە، پەیامی سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە هەمیشە گرفتەکان لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسە بکرێن و ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، هەنگاوی باش نراوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەروەها تێگەیشتنی باش و هەمەلایەن هەبووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – راپەڕینی پارتی، رایگەیاند، وەک پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کە لە گشت دانیشتنەکان باسی کردووە جەختی لەوە کردوەتەوە، دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت.
سەبارەت بە بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنەکان، عەلی حوسێن، گوتی، رای پارتی سەبارەت بە پێکهاتەکان ئەوەیە، "با خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، چۆنیان دەوێت با بەو شێوەیە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن".
رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.
هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.