پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەکەن

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست پێدەکات، شاندی پارتی پێکدێت لە مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، د.پشتیوان سادق، د. هێمن هەورامی و د. جەعفەر ئیمینکی. هەروەها شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاڵاو عەلی عەسکەری، د. خەسرەو، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، د. میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ پێکدێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، رۆژی 11/5/2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی، گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".