شاندێکی دەزگای مین لە سویسرا بەشداری لە کۆنفرانسێکی جیهانی دەکات

K24 – هەولێر
شاندێکی دەزگا گشتی کاروباری مین-ی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سویسرا بەشداری لە کۆنفرانسێکی جیهانی کۆمەڵەی شارەزایانی حکومیی (GGE) پسپۆر لەبارەی سیستمی چەکە کوشندە خودکارەکان (LAWS)دەکات.
کۆنفرانسەکە رۆژی دووشەممە 15/5/2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف دەستی بەکارەکانی کردووە و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، هەر یەک لە عەلی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین هەولێر و جەلال جەعفەر بەڕێوەبەری گشتی کارووباری مین/ گەرمیان، لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو کۆنفرانسە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و زۆربەی وڵاتان تێیدا بەشدارن و بەگرنگیەوە باس لە گۆڕینەوەی زانیاری و چالاکیە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت، لە بارەی سیستەمی چەکە کوشندە خودکارەکان (چەکی ئۆتوماتیکی) و زانیاری لەوبارەوە دەخرێتەڕوو.

