لە تاران دیوار لە دەوری باڵیۆزخانەی فەرەنسا دروست دەكرێت

ئەگەری ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكە لە ئارادایە

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە باڵیوزخانەی فەرەنسا لە ئێران، پۆلیسی سەر بە هێزی ئینتزامی لە تاران دیوارێك لە دەوری باڵیوزخانەی فەرەنسای دروست دەكات.

جێگری ئەمنی و کاروباری پۆلیسی، پارێزگاریی تاران رۆژی هەینی بە ئاژانسی هەواڵی فارسی راگەیاند: "بە مەبەستی پێشگیریکردن لە کاری سەرەڕۆیانە و لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئەمنی، دیوارمان بە دەوری باڵیۆزخانەی فەرەنسادا دروستكردووە.

بە گوتەی موحسن هەمەدانی، شەوی پێنجشەممە گرووپێک ویستویانە وەك تۆڵەكردنەوەی کۆبوونەوەی رێکخراوی موجاهیدین لە فەرەنسا، لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە کۆببنەوە، بەڵام چونکە  ئیزنیان پێنەدرابوو، لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوەیەن پێكراوە‌.

لە ساڵانی رابردوودا لە ئێران هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و سعوودییە.