شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان بەردەوامە

دیمه‌نێكی شه‌ڕی سوودان
دیمه‌نێكی شه‌ڕی سوودان

K24 – هەولێر:

پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دەوروبەری بەردەوامە.

پێکدادانەکانی نێوان ئەو دوو هێزە سەربازییەی سوودان لە 32هەمین رۆژیدا بەردەوامە.

دەمەوبەیانی ئەمڕۆ سوپای سوودان بە فڕۆکەی جەنگی پێگەکانی سەربە هێزەکانی پشتیوانیی خێرای لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی بەحری و ئومدەرمانی کردە ئامانج.

دوای بۆردوومانە ئاسمانییەکان، پێکدادانێکی قورس لەو شارانە روویدا.

هاوکات چەند گەڕەکێکی باشوور و رۆژهەڵاتی خەرتووم تۆپباران کران.

بەیانی رۆژی 15ی نیسان لە خەرتووم پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکە پێکدادانی چەکداری لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستیپێکرد.

لیژنەی پزیشکانی سوودان، ئاشکرایانکردبوو کە تاکو ئێستا 822 کەسی مەدەنی لە خەرتوومی پایتەخت، ئەلعوبەید و ئەلجونەینە لە هەرێمی رۆژئاوای دارفۆر گیانیان لەدەستداوە و سی هەزار و 215 کەسیش برینداربوون.

لە ئەنجامی ئەو دانوستانەی کە لە شاری جددەی سعوودیە بە مەبەستی راگرتنی پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا نیمچەسەربازی بەڕێوەچوو، لە 11ی ئایار "راگەیەندراوی جیددە" واژوو کرا.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە 15ی نیسان بەدواوە 736 هەزار و 200 کەس لە ناوەوەی وڵاتەکە دەربەدەربوون و نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.

هاوکات 450 هەزاری ئەوانەی کە ماڵەکانیان جێهێشتووە منداڵن و دەیان هەزار کەسی وڵاتانی دراوسێ کە بەهۆی ناسەقامگیریی وڵاتەکانیانەوە روویانکردبوویە سوودان ناچاربوون بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

Fly Erbil Advertisment