بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان-ی هەڵەبجە: رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک کەمیکردووە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون-ی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و کۆتاییهاتنی وەرزی خوێندنی 2022-2023 وایکردووە بەریەککەوتن لەنێوان منداڵەکان کەمببێتەوە و رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی کەمتر ببێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئایاری 2023، ئاراس هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەرخانکردنی بڕی 200 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی پێشگیریکردن و رووبەڕووبوونەوە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

وەکو ئەوەی هەورامی ئاماژەی پێ دەدات، تا ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر 100 حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمارکراون کە سەرجەمیان "چارەسەری پزیشکیان وەرگرتووە و نێردراونەتە ماڵەوە". دەشڵێت: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیمانە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، هەر چەندە سێ نەخۆش ماکی قورسی نەخۆشییەکەیان هەیە."

بەگوتەی ئاراس هەورامی، لە کاتی ئێستادا لە هەردوو نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون و وەفای شاری هەڵەبجە، 23 نەخۆش خەوێندراون "رۆژانە ژمارەیەک نەخۆش 'داخل' دەکەین و ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە چارەسەر نەماوە، دەیاننێرینە ماڵەوە."

 بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەڵەبجە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و کۆتاییهاتنی وەرزی خوێندنی 2022-2023 بە هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکەی زانی، "چونکە ئێستا بەریەککەوتنی منداڵان کەمتر بووتەوە. پێشتر ئەگەر رۆژانە پشکنین بۆ هەشت منداڵ بکرابایە، ئێستا پشکنین بۆ سێ منداڵ دەکرێت، ئەمەش جێگەی خۆشحالیمانە، بەڵام هێشتا بنبڕ نەکراوە و هێشتا خەڵک تووشدەبێت".

هەورامی گوتیشی: بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژمارەیەک سەرمایەدرای هەڵەبجە "تا ئێستا نەمانهێشتووە هیچ نەخۆشێک لە دەرەوە دەرمان بکڕێت" و سەرجەم نەخۆشەکان لە ناو نەخۆشخانەکاندا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك، تیمێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه و سلێمانییان كرد. به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک، پارێزگای هەڵەبجەیه.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە رایگەیاند، تا ئێستا هەر یەک لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سامپلیان لەو نەخۆشییە وەرگرتووە، لە تاقیگەیەکانیاندا پشکنینان بۆ کردووە و سەلمێندراوە کە نەخۆشییەکە بوونی هەیە  و "لوودێکی گەورەیە لەم کاتەدا". روونیشیکردەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستخۆشییان لێکردوون، بۆ ئەو کار و رێکارە پزیشکی و زانستییانەی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بەرامبەر بەو نەخۆشییە گرتوویانەتەبەر.

 ئاراس هەورامی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کێشەی 'مانگرتنی ژینگەپارێزانی" هەڵەبجە و سلێمانی چارەسەر بکەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، بەردەوامی مانگرتنەکە دەبێتە هۆی ئەوەی زبڵ و خاشاک بەشێوەیەکی بەردەوام کۆببێتەوە و نەخۆشییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێنەوە.

رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردبووە، تێیدا ئاماژە بەوە دابوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران  مەسرور بارزانی رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی 200 ملیۆن دینار وەک بودجەیەکی فریاگوزاری، بە مەبەستی پێشگیریکردن و رووبەڕووبوونەوە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک و دابیبنکردنی دەرمانی پێویستی پزیشکی بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە.

هژگهژ
نووسراوەکەی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە

 

Fly Erbil Advertisment