وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق: نزیكه‌ی 9 هه‌زار بازرگان و ئالووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون

K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستگیركردنی نزیكه‌ی 9 هه‌زار بازرگان و ئالووده‌بووی مادده‌ی هۆشبه‌ر راده‌گه‌یه‌نێت.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مادده هۆشبه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشكرایكردووه، له6 مانگی رابردوودا ده‌ستیان به‌سه‌ر 400 كیلۆگرام له مادده‌ی هۆشبه‌ر دا گرتووه‌و و نزیكه‌ی 9 هه‌زار بازرگان و ئالووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ریشیان ده‌ستگیركردووه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، دۆسیه‌ی 8676 تۆمه‌تبار به بازرگانیكردن به‌مادده‌ی هۆشبه‌رو ئالووده‌یان له‌به‌رده‌ستدایه و 4494یان له‌لایه‌ن دادگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه سزادراون و 4182یشیان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییكردندان.
ده‌شڵێت، تۆمه‌تباره‌كان له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا ده‌ستبه‌سه‌ر له 406 كیلۆگرام له مادده‌ی هۆشبه‌ر له جۆره جیاوازه‌كان و 9 ملیۆن حه‌بی كاپتاگۆن و 456 چه‌ك و 118 نارنجۆكی ده‌ستیدا گیراوه.