ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ورووپا هه‌وڵی دامه‌زراندنی سیسته‌مێك ده‌دا بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئۆكرانیا

K24 - هەولێر
سه‌ركرده‌كانی ئه‌وروپا له لووتكه‌ی نێوانیاندا دوا هه‌نگاوه‌كانیان نا بۆ دانان و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی خه‌مڵاندن بۆ ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ئۆكرانیا كه‌وتوون له هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته، هاوكات هیواخوازن مۆسكۆ ناچار بكه‌ن به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانبه‌ركه‌وتووان.
لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌ورووپا ماوه‌ی دوو رۆژه كاره‌كانی له ریكیافیكی پایته‌ختی ئایسله‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 17ـی ئایاری 2023) كۆتایی به كاره‌كانی هێنا، شاندی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گفتوگۆیان له‌باره‌ی هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كرد، كه ئامانج لێی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئۆكرانیا به‌هۆی هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته.
گرینگ‌ترین ئه‌نجامی ئه‌و لووتكه‌یه بریتی بوو له دامه‌زراندنی تۆمارێك بۆ زیانه‌كان، كه پێشبینی ده‌كرێت له لاهای دابنرێت و ده‌رفه‌ت به ئۆكرانییه‌كان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان تۆمار بكه‌ن و زیانه‌كانیان تێدا بخه‌نه‌ڕوو.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا له گوته‌ی كردنه‌وه‌ی لووتكه‌كه‌دا، رایگه‌یاند "كاتێك بیر له پرسی دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، پێویسته ره‌گه‌زه یاساییه‌كان به پله یه‌ك له‌به‌رچاو بگیرێن، دانان و دامه‌زراندنی ئه‌و تۆماره‌یش باشترین میكانیزمێكه بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری".
رۆژی هه‌ینی 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا، سوپای ئه‌و وڵاته هێرشی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد، به‌م هۆیه‌وه به‌هه‌زاران كه‌س كوژران و بریندار بوون، جیا له ده‌ربه‌ده‌ربوونی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی ئۆكرانی، شه‌ڕه‌كه‌ش به‌رده‌وامه.