شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی وون لە پاریس دادەنێت
K24 - فەرەنسا:
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی فەرەنسا ئەنجامدەدات و دواتر لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا و بەئاڵای کوردستان و فەرەنساوه تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی ون (کەوانەی سەرکەوتن) دادەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ــی ئایاری 2023)، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، فەرەنسا لە هەموو قۆناغەکاندا هاوکاری کوردستان و پێشمەرگەی کردووە. دهشڵێت: "بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە دێرینەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان، لەسەر داوای فیدراسیۆنی نیشتیمانی جەنگاوەرە دێرینەکان، سەردانی فەرەنسامان کردووە".
مێژووی دروستبوونی کەوانەی سەرکەوتن یاخود سەربازی ون لەپاریس بۆ سەردەمی ناپلیۆن دەگەرێتەوە، کە یەکێکە لە سیمبوڵە نیشتمانییەکانی فەرەنسا، ساڵانە زۆربەی رێوڕەسم و بۆنە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتە لەم شوێنە بەرێوەدەچێت، وەکو رێزگرتنێک بۆ قوربانییانی سوپای فەرەنسا کە لەماوەی رابردوودا گیانی خۆیان بەخشیووەتە وڵاتەکەیان.