ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا برسێتی ساڵانی 1930 ئۆکرانیای بە جینۆساید ناساند

برسێتی ساڵانی 1930 لە ئۆکرانیا
برسێتی ساڵانی 1930 لە ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا پێشنیازێکیان پەسەند کرد کە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات ئەو برسێتیەی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە ئۆکرانیا لە ساڵانی 1930دا دروستیان کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس بە "جینۆساید" بناسێنێت.

بە ئامادەبوونی ڤادیم ئۆمێلچێنکۆ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە فەرەنسا سیناتۆرەکانی ئەنجوومەنی پیران بە 327 دەنگ بەرانبەر 16 دەنگ پێشنیازەکەیان پەسەند کرد.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، تەنها کۆمەڵێک سیناتۆر کە زۆرینەیان کۆمۆنیستن دژی ئەو پێشنیازە دەنگیان دا.

.

ئەو پێشنیازەی ئەنجوومەنی پیران پەسەندی کرد، داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات بە فەرمی برسیکردن و دیپۆرتکردنەوە و پاکتاوکردنی سیستماتیکی ملیۆنان ئۆکرانی لە ساڵانی 1932 و 1933 وەک جینۆساید بناسێنێت.

هەروەها داوا لە حکومەت دەکات "بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییە بکات کە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە ساڵانی 1932 و 1933 دژی دانیشتوانی گوندنشینی ئۆکرانیا ئەنجامیاندا".

منداڵێكی ئۆکرانی کە بەهۆی برسێتییەوە لە خارکیێڤ گیانی لەدەستداوە - مێژووی وێنەکە بۆ ساڵی 1933 دەگەڕێتەوە
منداڵێكی ئۆکرانی کە بەهۆی برسێتییەوە لە خارکیێڤ گیانی لەدەستداوە - مێژووی وێنەکە بۆ ساڵی 1933 دەگەڕێتەوە

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەلای خۆیەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کرد و بە "بڕیارێکی مێژوویی" ناوی برد.

زیلێنسکی لە تویتێکدا رایگەیاند، "سوپاسگوزاری ئەو سیناتۆرانەم کە پشتگیری پێشنیازەکەیان کردووە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری مێژوویی و زیندوو هێشتنەوەی یادەوەری ملیۆنان ئۆکرانی کە بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە".

،

ئەنجوومەنی نیشتمانی فەرەنسا لە 28ـی ئادار پێشنیازێکی هاوشێوەی پەسەند کرد.

گۆڕی بە کۆمەڵ لە خارکیێڤ - مێژووی وێنەکە: 1932 بۆ 1933
گۆڕی بە کۆمەڵ لە خارکیێڤ - مێژووی وێنەکە: 1932 بۆ 1933

بە گوێرەی گێڕانەوەکانی حکومەتی ئۆکرانیا، ساڵانی 1932 و 1933، بەهۆی هەڵمەتێکی جۆزێف ستالین، سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دانەوێڵە و بەروبوومی جووتیارانی ئۆکرانیا، دانیشتوانی ئۆکرانیا رووبەڕووی برسێتییەکی گەورە بوونەوە و ملیۆنان ئۆکرانی لە برسا مردن.

.

مۆسکۆ گێڕانەوەی حکومەتی ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە و رووداوەکان لە چوارچێوەیەکی فراوانتری برسێتیدا دەگێڕێتەوە کە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و رووسیای گرتووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment