ئیدمۆند غه‌ریب لە له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كانه‌وه باس لە دیداری خۆی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌کات

K24 – هەولێر:
سه‌رده‌مانێك كه ته‌نها چیاكانی كوردستان دۆستی كورد بوون، كه‌م بوون ئه‌وانه‌ی باسیان له كێشه‌ی كورد ده‌كرد و به‌رگرییان له مافه‌كانی ده‌كرد و بیروڕای خۆیان له‌باره‌ی كورده‌وه ده‌خسته‌ڕوو و له ڕێی بیروڕا و نووسینه‌كانییانه‌وه ده‌یانویست ده‌نگی كورد به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بگه‌یه‌نن، یه‌كێك له‌وانه، ئیدمۆند غه‌ریب، نووسه‌ر و بیرمه‌ندی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ریكی بوو، كه له سه‌ره‌تای ساڵی 1970 به‌دواداچوونی بۆ پرسی كورد كردووه و به‌شێك له خوێندنی ئه‌كادیمیشی تایبه‌ت به‌و پرسه كردووه و له ماوه‌ی كاركردنی له‌سه‌ر پرسی كورد، چاوی به مه‌لا مسته‌فا بارزانی كه‌وتووه و به باوكی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ناوی ده‌بات.
دكتۆر ئیدمۆند غه‌ریب به‌شداری ئه‌لقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌ی "له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان"ـی كرد، كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له كه‌ناڵی كوردستان24 پێشكه‌ش ده‌كرێت و تایبه‌ت بوو به "كاریگه‌ری توێژه‌ر و رۆژنامه‌نووسانی بیانی له‌سه‌ر دۆزی گه‌لی كورد".
له سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌دا ئیدمۆند غه‌ریب، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، مه‌لا مسته‌فا به واتای وشه كه‌سایه‌تییه‌كی مێژوویی و ئه‌فسانه‌ییه، گوتیشی "به بڕوای من باوكی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یی كوردی بووه، به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری باپیره‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی بووه و یه‌كه‌م كه‌س بووه باسی له جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌گه‌ڵ تورك و فارسه‌كان كردووه".
له به‌شێكی دیكه‌ی ئاخاوتنه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و كاته‌ی بارزانی ناسیوه، سه‌رقاڵی نووسینی نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی بووه له‌سه‌ر عێراق، دواتریش له دكتۆراكه‌یشی بابه‌تێكی هاوشێوه‌ی نووسیوه، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ماسته‌رنامه و دكتۆراكه‌ی سه‌باره‌ت به پرسی كورد و هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی جیاواز بوو.
دكتۆر ئیدمۆند له توێژینه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌و قۆناغه كردووه، كه له په‌یوه‌ندی نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد و حزبی به‌عس له عێراق له ماوه‌ی شه‌ڕی نێوان هه‌ردوولادا تا به رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970 ده‌گات، له ئارادا بووه. به گوته‌ی خۆی مه‌به‌ستی بووه، بزانێ چ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له پای چی بووه و چ ئه‌نجامێكی لێكه‌وتووه‌ته‌وه؟
گوتیشی، دوای دامركاندنه‌وه "نسكۆ"ـی شۆڕشی كورد له عێراق، به‌وه‌ی زانی بوو، كه بارزانی سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكای كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش په‌یوه‌ندی به دینا ئارمێش كردووه، كه كتێبێكی به‌ناووبانگی به ناونیشانی "گه‌شتێك بۆ نیشتمانی پاڵه‌وانان له كوردستان" نووسیوه و ئه‌و كات په‌یامنێری رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بووه و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ بارزانی هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ بارزانی بۆ رێكبخات، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵكو دواتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساوه چاوی به بارزانی بكه‌وێت.
ناوبراو سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، بارزانی له سه‌ره‌تادا نه‌یده‌ویست چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بكات، شای ئێران و سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هێنری كیسنجه‌ر و سه‌رۆك نیكسن، نه‌یانده‌هێشت مه‌لا مسته‌فا بۆ رای گشتی و میدیا و جیهان قسه بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌و شێوازه‌ی ئیداره‌ی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا و شای ئێران و هه‌ندێك لایه‌نی دیكه به‌رانبه‌ر به بارزانی به‌كاریانهێنا، ته‌نانه‌ت ئه‌و ماوه‌ی له ئه‌مه‌ریكا مایه‌وه گوشاری زۆری سیاسی له‌سه‌ر بوو! روونیشی كرده‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تێكیان به بارزانی دا و گه‌شتێكیان بۆ هه‌ندێك ناوچه پێ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشنای ئه‌و شوێنانه ببێ.
دكتۆر ئیدمۆند له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، گوتی، دواجار ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خسا چاوی به بارزانی بكه‌وێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا مه‌به‌ستی بووه پرسیاری لێ بكات له باره‌ی رۆڵه‌كه‌ی له كۆماری كوردستان له مه‌هاباد و چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌یش، كه بارزانی رۆڵی له دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام دواتر به‌هۆی پشتوانیكردنی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاتی ئێران، كۆماره‌كه كه‌وت و سۆڤیه‌تیش ئاماده‌نه‌بوو به‌رگری له كۆماره‌كه بكات و بچێته ناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فارسه‌كان، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و به‌ریتانییه‌كان.
دكتۆر ئیدمۆند باسی له‌وه كرد، كه بارزانی بۆی گێڕاوه‌ته‌وه له رێگه‌ی چوونیان بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له شوێنێكدا زۆر له سوپای ئێران نزیك بوونه‌ته‌وه، كه ته‌نها به‌فر له‌نێوانیاندا بووه، به‌ڵام به ئاسپایی به‌وێدا تێپه‌ڕیون و گه‌یشتوونه‌ته ئاوی رووباری ئاراس.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه بارزانی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كێشه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر باقیرۆڤ، سه‌ركرده‌ی شیوعییه‌كانی ئازه‌ربایجان هه‌بوو، ده‌شڵیت، مه‌به‌ستی بووه به بارزانی بڵێ كێشه‌یان چی بووه، به‌ڵام بارزانی ئه‌وه‌ی بۆ روون نه‌كردووه‌ته‌وه! گوتیشی، به‌گشتی باقیرۆڤ و په‌یوه‌ندی خراپی له‌گه‌ڵ بارزانی، كاریگه‌ری نه‌رێنی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بارزانی و سۆڤیه‌ت گێڕا، نه‌خاسمه كه باقیرۆڤ له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی هه‌بوو.
ئه‌و بیرمه‌نده عه‌ره‌به ئه‌مه‌ریكییه ده‌ڵیت، بارزانی له دیداره‌كه‌دا ئه‌وه‌ی پێگوتووه، كه ئه‌وه‌ی هه‌وڵی بۆ دا، نه‌یتوانی به‌ده‌ستیبهێنێت و نه‌گه‌یشته ئامانجه‌كه‌ی. گوتیشی، بارزانی هیوای زۆری به گه‌لی كورد هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هیوا و ئامانجه‌ی ئه‌و خه‌باتی بۆ كرد، به‌دیبهێنێت.
له‌باره‌ی سیاسه‌تی حكومه‌تی عێراقیش دكتۆر ئیدمۆند گوتی، عێراق ده‌یوست ده‌وڵه‌ت ناوه‌ندی بێ و هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بێت، به‌ڵام كورد وای ده‌بینی كه ده‌بێت خۆیان له ناوچه‌كانیان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بكه‌ن، چونكه تێبینی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تییان ده‌كرد. گوتیشی، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی بارزانی بوو، كه توانی لێكنزیكبوونه‌وه له‌نێوان رۆشنبیرانی كورد و سه‌ركرده كلاسیكیی و هۆزایه‌تی و ئایینییه‌كانی كورد دروست بكات، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش توانیان پارتی دیموكراتی كوردستان دابمه‌زرێنن.
هه‌روه‌ها سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه له‌دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئادار، جۆرێك له بێمتمانه‌یی له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و حكوومه‌ت دروست بوو، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی تیرۆكردنی مه‌لا مسته‌فا درا كه نازم كه‌زاز، سه‌رۆكی هه‌واڵگری عێراق سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هه‌وڵه‌ی كرد، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌سه‌ر دیدگای كورد سه‌باره‌ت به‌سه‌ر شێوازی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به كورد و سه‌ركرده‌كه‌ی به‌جێهێشت.
گوتیشی روون بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له عێراق ویستوویه‌تی ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێنێ، رووبه‌ڕووی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بووه‌ته‌وه، باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر كاریگه‌ری و گوشاری توركیا و ئێران نه‌بووایه، ره‌نگه تا ئێستا كورد له عێراق ده‌بووه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.
ئیدمۆند غه‌ریب ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه بارزانی بڕوای وابوو ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی رۆژئاوا پشتوانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوای رێككه‌وتننامه‌ی جزائیر، بارزانی بۆی روون بووه‌وه كه ئه‌مه‌ریكا ئاماده نییه ده‌ستوه‌ردان له‌و بابه‌ته بكات. جه‌ختیشیكرده‌وه، بزووتنه‌وه‌ی كوردی ئه‌و كات و ئێستا‌یش ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێز له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش له ساڵی 1974 و 1975 له عێراق روویدا.
گوتی، بارزانی بۆی گێڕامه‌وه و گوتی "ئه‌گه‌ر به‌ڵینه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌بووایه، ئێمه نه‌ده‌كه‌وتینه ته‌ڵه‌وه". دكتۆر ئیدمۆند روونیشیكرده‌وه، ئه‌و كات ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی كۆشكی سپی دوو ئامانجی دیكه‌یان هه‌بوو، دیدگایه‌ك بۆ سه‌ركردایه‌تی عێراق هه‌بوو، كه وه‌ك دوژمنی ئیسرائیل ته‌ماشای ده‌كرد و ده‌یویست وڵاتێكی دژ به ئیسرائیل لاواز بكات، دووه‌م، ئه‌و كات ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌هێزكردنی خۆی، پێویستی به لاوازكردنی عێراق هه‌بوو. گوتیشی، پێم وایه له‌و دوو ره‌هه‌نده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنێكی به كورد دابووبێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كاندا دكتۆر ئیدمۆند گوتی، سه‌ركرده‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌یش ته‌نیا سه‌راوژێركردنی عێراقیان ده‌ویست، هاوكات ئامانجیشیان سه‌ركه‌وتنی كورد نه‌بوو. باسی له‌وه‌شكرد، چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ تاریق عه‌زیز كردبوو، كه له‌باره‌ی كورده‌وه پیێی گوتووه، هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی له دژی عێراق هاوكاری كوردی‌یان كردووه. روونیشی كرده‌وه هه‌ندێك سه‌ركرده و كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی هه‌بوون پاڵشتیان له دۆزی كورد ده‌كرد، بۆ نموونه موعه‌ممه‌ر قه‌زافی سه‌رۆكی پێشووی لیبیا، پێشتریش جه‌مال عه‌بدولناسر، په‌یوه‌ست بوو به پرسی كورد و رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. گوتیشی، هه‌ر به‌هۆی په‌یوه‌ستبوونی به پرسی كورده‌وه، په‌خشی رادیۆیه‌كی به زمانی كوردی كرده‌وه، ئه‌و كات باڵیۆزی توركیا ناڕه‌زایه‌تی نیشان دا و نامه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی توركیاش هه‌بوو بۆ گرینگی‌دان به‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی باڵیۆزه‌كه‌ی له قاهیره ده‌ریبڕی بوو.
له كۆتایی قسه‌كانیدا ئه‌و بیرمه‌نده عه‌ره‌به ئه‌مه‌ریكییه، گوتی، له دوای ساڵانی حه‌فتاكان، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و گۆڕانكاری و شتی زۆر گه‌وره‌ی بینیوه، له باڵه‌خانه و ناوچه‌ی گه‌وره، ته‌نانه‌ت بوونی هه‌زاران لوبنانی و سووریی و نه‌ته‌وه و نه‌ژاد و رەگەزی دیكه له كوردستان، كه سه‌رقاڵی كاركردنن. گوتیشی، ئه‌مه مانای زیاتر كاركردن، هاوكاری و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان ده‌گه‌یه‌نێت له كوردستان.