حەیدەر شەشوو: نەتەوەیەکگرتووەکان جیددی نییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

K24 - هەولێر

بەگوتەی فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان، نەتەوەیەکگرتووەکان جیددی نییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و، وەکو خۆی دەڵێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هێندە زەحمەت نییە وەکو ئەوەی پلاسخارت لەمیانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لێوە کردووە.

حەیدەر شەشوو، فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان لەبارەی هەوڵی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، میوانی بووڵتەنی "دوا هەواڵ"ـی کوردستان24 بوو، کە جەمال باتوون و کۆمار نادر پێشکەشیان کرد.

رۆژی چوارشەممە 18ـی ئایاری 2023، جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق له‌باره‌ی بارودۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و شنگال لەمیانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگه‌یاند، نیگه‌رانی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ تا ئێستا رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، گوتیشی، هه‌ندیك لایه‌نی جیاواز له‌ شنگال بوونه‌ته‌ هۆی رێگریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئیداره‌یه‌كی باش و ئاسایشێكی سه‌قامگیر بۆ شنگال بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

حەیدەر شەشوو پێیوایە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هێندە زەحمەت نییە وەکو ئەوەی پلاسخارت لەمیانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لێ کردووە و ئاماژە بەوەدات، نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال جیددی نەبووە و وەکو پێویست فشاری لە لایەنەکان (حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان) نەکردووە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە جیبەجێ بکەن.

بەگوتەی شەشوو، "حکومەتی عێراق سوودمەندە لە دۆخی ئێستای شنگال" و پێی باشە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، "چونکە بڕیاری حکومەتی عێراق لە دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقدا نییە، بڕیارەکە لە دەست هەندێک لایەنی سیاسیدایە و هەموومان دەزانین جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە بەرژوەندی ئەو لایەنانەدا نییە."

فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ عێراق {پلاسخارت} فشاری زیاتر لەسەر حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێبکات، "چونکە زیاتر لە هەشت ساڵ تێپەڕین و زیاتر لە 200 هەزار کوردی ئێزیدیی دانیشتووی شنگال ئاوارەن، لەنێو کەمپەکاندا دەژین و ژیان و گوزەرانیان لەوپەڕی خرابیدایە".

 

 

حەیدەر شەشوو داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات قسەکانی لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بکاتە کردار. وەکو خۆی دەڵێت، زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر واژووکردنی رێککەوتنامەکە تێپەڕیون، "بەڵام تا ئێستا تەنانەت یەک بەندی رێککەوتنەکەش جێبەجێ نەکراوە".

ئەو فەرماندە سەربازییە زیاتر لەبارەی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دوا و روونیکردەوە، "نەتەوەیەکگرتووەکان دەیەوێت ڕای هەموو لایەنێک لەبارەی رێککەوتنەکە وەربگرێت، تەنانەت بچووکترین هێزی نێو شارەکە. هەندێک لایەن لەنێو شنگال هەن، کە دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە خەلکی شنگال هەبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایان وەکو ڕای خەلکی ئاسایی شنگال وەردەگرێت و پێیان دەڵێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەن، یان نا؟".

فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان ئاماژەی بەوەکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکاندا لە بەشێک لە لایەنەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنەکە کە "حەشدی شەعبی و پەکەکەن" دەپرسێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەن، "هەڵبەتە ئەوانیش پێی دەڵێن، لەگەڵ جێبجێکردنی رێککەوتنەکە نین، چونکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدا نییە. لە بەرامبەردا بەشێک لە لایەنەکانی دیکە داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەکە دەکەن، بۆیە دەڵێم، نەتەوەیەکگرتووەکان جیددی نییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە".

حەیدەر شەشوو بە ئاماژەدان بەوەی عێراق سەروەری خۆی لەدەستداوە، روونیشیکردوە، حکومەتی عێراق بەبێ پرسکردن و وەرگرتنی ڕای "ئەو ڵاتانەی ئێستا عێراقیان کۆنتڕۆلکردووە"، ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات و بڕیارەکانی بەدەست خۆی نین؛ "هەر کاتێک حکومەتی عێراق بووە خاوەن بڕیاری خۆی و وڵاتانی دراوسێ دەستوەردانیان نەکرد، لەو بڕوایەدام، هەر رێککەوتنێک هەبێت لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێککەوتنی شنگال، ماددەی 140 و نەوت و گازەوە جێبەجێیان دەکات".

رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دایەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی."

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی راستییەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات."

وەزارەتی ناوخۆ  هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بۆ "بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ" گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت."

لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ پەیامێک ئاراستەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات، "ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت."

جەختیش لەوە کراوەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

قەزای شنگال یەکێکە لەو شوێنانەی کە تیرۆریستانی داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کوشت و هەندێکیش تا ئێستا بێسەروشوێنن و کەسوکارەکانیشیان لە ئێستادا لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و خزمەتگوزاری لەناوچەکە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

رۆژی سێشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش: 

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

Fly Erbil Advertisment