لە کەلار بەرگدوورێکی تەمەن 111 ساڵ بەهۆی رووداوی هاتووچۆیەوە گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر
لە کەلار بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆیەوە پیاوێکی 111 ساڵ کە 62 ساڵ بوو کاری بەرگدووری دەکرد، گیانی لەدەستدا. پۆلیسیش دەڵێت، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەندکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێو بازاڕی کەلار و نزیک قوتابخانەی لەیلا قاسم "ئۆتۆمبێلێکی مینی پاس" خۆی کێشا بە هاووڵاتیەکی لەدایکبووی ساڵی 1912 بەناوی (عەلی سایر ئیربارە).
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای رووداوەکە؛ ئەو هاووڵاتییە 111 ساڵە، رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و پێش گەییشتی بۆ سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەپێی مادەی 24ی هاتووچۆ بەندکراوە، ئەمە بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان.
پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، عەلی سایر، 32 ساڵ پێش ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبووە کەلار و لە گەڕەکی فەرمانبەرانی ئەو شارە نیشتەجێ بوو و، 62 ساڵ بوو کاری بەرگدووری دەکرد.